بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود عەباس زادە مشکینی زادە ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە میانەی چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین بە ئاماژە بە ڕۆڵی سعوودیە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی وتی: ژنان لە سعوودیە چ دەسکەوتێکیان هەبووە، ئەم ڕژێمە تا ئێستا بەدەر لە شۆفێری چ مافێکی بە ژنان داوە، ڕژێمێک کە هیچ ڕێز و مافێک بۆ ژنان دانانێت، لە کاتێکدا ئێرانی ئیسلامی گەورەترین سیستەمە کە پشت بە دەنگی خەڵک دەبەستێت.
ناوبراو وتی: بەشێک لە دەستبەسەرکراوەکان لە دانیشتووانی وڵاتانی دیکە بوون، لە وڵاتانی باکور تا ڕۆژهەڵاتی ئێران، پێکهاتەی ئەو کەسانە بە تایبەت لە تاوانەکەی شیراز، پێکهاتەیەکی تەواو تیرۆریستی گرووپی داعشە، ئەمریکا ئەمجارە هەوڵی زیندووکردنەوەی گرووپی تیرۆریستی داعشی لە خاکی ئێران داوە، ئەوان لە سوریا و عێراق ناڕاستەوخۆ ئێرانیان کردە ئامانج بەڵام شکستیان هێنا، ئەمجارە ڕاستەوخۆ هاتوونەتە شەڕەکەوە.
مشکینی وتی: ئەمڕۆ ڕوون بووەتەوە کە سعوودیە دەستی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێراندا هەبووە، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەزانن کە ئێران وەڵامی دەبێت، وەڵامەکەی هەولێر و عەین ئەسەد بینرا، تاوانەکانی ئێستاش بێ وەڵام نامێنێتەوە و ڕژێمی زایۆنیستی وەک سەری پیلانگێڕییەکە پشکی زیاتری لە وەڵامەکەی ئێران بەردەکەوێت. ئەوانەی پیلانەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران جێبەجێ دەکەن، ئەوانەی دەبنە هاوڕێی ئەم پیلانگێڕییانە، بە پێی پشک و ڕۆڵیان وەڵام دەدرێنەوە./.