بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سەمەری ڕایگەیاند کە هونەرمەندان و چالاکوانانی بواری پیشەسازی دەستی ڕۆڵی بەرچاویان لە پەرەپێدانی کەلتوری ڕەسەندا هەیە و دەبێت ئاوڕی زیاتریان لێ بدرێتەوە.
ناوبراو وتی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵانی ڕابردوو زیانی زۆری بە پیشەسازی دەستی کرماشان گەیاندووە و دەبێت ئێستا قەرەبوو بکرێتەوە.
سەمەری وتی: دەبێت بازاڕێکی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمەکانی پیشەسازی دەستی لە شاری کرماشان بکرێتەوە.
وتیشی کە لە هەندێک شاری ئێران کە ئاسەواری مێژوویی و گەشتیاریی ئەوتۆیان نییە، گەشەی پیشەسازی دەستی وایکردووە کە ژمارەیەک گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لەو شارانە بکەن، بەڵام لە کرماشان بەو هەموو ئاسەوار و شوێنە گەشتیارییەوە پیشەسازی دەستی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە گەشتیاران بەرەو خۆی ڕابکێشێت.
سەمەری وتی: ئەگەر ئێستا لە کرماشان ئاسەوارە مێژووییەکانی وەک تاقوەسان، بێستون و ئەوانەی دیکەمان هەیە، ئەنجامی هەوڵ و کردەوەی هونەرمەندانی سەردەمانی ڕابردووە./.