بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک پێنج هۆکاری زیادبوونی کێشی جەستەی لە وەرزی زستاندا باس کردووە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدراوە.
1 – وەرزش نەکردن و کەمبوونەوەی جوڵە:
سەرما و دابەزینی پلەی گەرما دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی حەزی وەرزش کردن و ڕێگاگرتن لە چالاکییە وەرزشییەکان وەک ڕۆیشتن بە پێ و مەلەکردن و پاسکیل سواری. لە هەمان کاتدا مانەوە لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی خواردنی بڕێکی زۆر لە خۆراک.
2 – توشبوون بە خەمۆکی:
وەرزی زستان لە کۆمەڵێک کەسدا بە تێکچوونی میزاج و دڵتەنگی و زیادبوونی دڵەڕاوکێ و کێشەی دەروونی ناسراوە، ئەمەش وا دەکات هەندێک کەس پەنا بۆ زۆرخواردنی شیرینی ببەن.
3 – تێکچوونی ئاستی هۆڕمونەکان:
بە تایبەت لە گەڵ هەڵکشانی تەمەن وەک نزمبوونەوەی ئاستی هۆڕمونی ئیسترۆجین لە ژنان و تێستێرۆن لە پیاوان. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی هۆڕمونی میلاتۆنین کە لێپرسراوە لە ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی جەستە و کۆنتڕۆڵکردنی جەستە.
4 – خواردنی بڕێکی زیاتر لە خۆراک:
دوور و درێژی شەو دەبێتە هۆی زۆر خواردن بە هۆی بێزاری و مەلەلەوە، هەروەها هەستکردن بە سەرما ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ئیشتیا بە مەبەستی گەرمبوونەوەی جەستە، بەدەر لەوەش خواردن لە کاتی سەرما تام و چێژی باشترە، لە کوردستانیش ئەو خواردنانە زیاتر بەکار دێت کە وزەیان زیاترە وەک سەروپێ، نۆکاوی پڕ چەوری و دوگ و بەز، کاستەر و جۆرەکانی شیرینی.
5 – نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو:
لە کەشی سارد کەمتر هەست بە تینووەتی دەکرێت، لە هەمان کاتدا نەخواردنی بڕی پێویست لە سەوزە و میوە کە دەوڵەمەندن بە ئاو./.