بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرکردەکانی سعوودیە لە نوێترین تاوانی مافی مرۆڤ، سزای لەسێدارەدانیان بۆ هەشت منداڵی بێ تاوان لەم وڵاتە دەرکردووە. میدیاکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە کاردانەوەیان بەرامبەر بەم تاوانە، وێڕای ئیدانەکردنی بە توندی، ڕایانگەیاندووە کە سەرجەم ئەو منداڵانە شێعەن و بەو تاوانانە تۆمەتبار کراون کە لە تەمەنی ئەم منداڵانەدا ڕەنگە شتی وا ڕووی نەدابێت.
عەبدوڵڵا دڕازی، عەلی سەبیتی، حەسەن زەکی فەرەج، جەلال ئالی لەباد، مەهدی موحسین، جەواد قەریریس و یوسف موناسف حەوت منداڵەکەی سعوودیەن کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی پاشایەتییەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. کەسی هەشتەمیش عەبدوڵڵا حەویتییە کە لە نێو ئەواندا کەمترین تەمەنی هەیە، ئەو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەنیا تەمەنی 8 ساڵ بووە و ئێستا کە لە گرتووخانەدایە، 13 ساڵەیە.
چیرۆکی منداڵە دەستبەسەرکراوەکە وەهایە کە لە 8 ی ئایاری 2017، هێزە ئەمنییەکانی سعوودیە هێرشیان کردە سەر ماڵی حەویتی و ناوبراویان بە تۆمەتی دزی و کوشتن دەستبەسەر کرد. حەویتی کوڕی ماڵە شێعەیەک و لە چینی هەژاری کۆمەڵای سعوودیەیە. 27 ی تشرینی 2019 دادگای تاوانەکانی ناوچەی تەبوک لە باکوری سعوودیە، حەویتیی بە تۆمەتی هەڵکوتانە سەر زێرنگرێک و کوشتنی پۆلیسێک بە حوکمی لەسێدارەدان سزا دا.
دایکی منداڵەکەی سعوودیە لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ” دادگای تاوانەکانی تەبوک بە هۆی پەردەپۆشکردنی ناسنامەی تاوانبارەکە، کوڕەکەمی کردووەتە قوربانی، ئەم دادگایە بە ئەنقەست عەبدوڵڵای بە تاوانبار ناساندووە تا لە بەرپرسیاریەتی لەم دۆسیەیەدا خۆی بدزێتەوە “.
دایکی منداڵەکە لە گەڵ خزم و کەسانی خۆی بەردەوام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە هاشتاگی ” ڕووداوەکەی تەبوک بە بڕیاری زاڵم بووە ” داوایان لە شای سعوودیە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کردووە کە کۆتایی بەو هەموو زوڵم و نادادپەروەرییە بێنن، بە تایبەت لە پارێزگای ” ضباء ” . ئەوان داوایان کردووە کە کۆتایی بە نادادپەروەری دژ بە عەبدوڵڵای کوڕیان بێت و پێداچوونەوە بە سەر دۆسیەکەیدا بکرێت.
کاردانەوەکان لە سەر ئەم تاوانەی حکومەتی سعوودیە هێشتا درێژەی هەیە، چالاکوانانی میدیایی هاشتاگی ” اوقفوا المذبحە / کوشتن ڕابگرن ” یان بڵاو کردووەتەوە. عەلی هاشم چالاکوانی سیاسی لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە عەبدوڵڵا حەویتی 13 ساڵ تەمەنی هەیە و دادگای تاوانەکانی تەبوک لە سەرەتای مانگی ئادار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.
کاریکاتەرێکیش لە لایەن چالاکوانێکی عەرەب زمانەوە بڵاو کراوەتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و تێیدا وێنەی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە کاتی سەربڕینی ئەم مێرمنداڵەدا نمایش کراوە. نازناوی ” ئەبومەنشار ” دراوەتە بن سەلمان و لە پاش تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەکەی سعوودیە لە تورکیا زیاتر بەو نازناوە دەناسرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتووە کە کۆتایی فیرعەونەکانی سعوودیە نزیکە./.