بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زنجیرە تویتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئاریا فۆرمولا کە لە لایەن ئەمریکا و ئەلبانیا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: گەورەترینی ئەوانەی کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و ئەوانەی پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەن، بوونە هۆکاری بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە لە نیۆیۆرک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تا بە وتەی خۆیان ئێران ئیدانە بکەن و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەراوێزی بخەن، بەم مەبەستەش بە دیکتاتۆریەتی میدیایی، موڵەتی ئەوەیان بە 19 وڵاتی دژ بە سزا و گەمارۆکان نەدا کە وتاری خۆیان لەو کۆبوونەوەدا هەبێت.
ناوبراو وتی: لە بەرامبەردا ئەمریکا کۆبوونەوەکەی ڕادەستی دوو ژنە لایەنگری سزا و گەمارۆدانی ژنان و منداڵانی ئێرانی کرد. بەڵام حکومەتی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەی نیۆیۆرک شکستی هێنا، کەمتر لە یەک هەفتە پاش ئەوەش، نوێنەرانی 19 وڵاتەکە بە ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی دۆستانی بەرگری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران، وەڵامی ئەمریکایان دایەوە.
بە ڕاستی کێ پەراوێز خراوە؟
چوارشەممە 2 ی تشرینی دووەمی 2022 کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پلانی ئەمریکا و ئەلبانیا لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەدا چەندین کەس بانگهێشت کران و وتاری خۆیان هەبوو. کەسانی وەک نازەنین بونیادی ئەکتەری ئێرانی – بەریتانی و بە ناو لایەنگری مافی مرۆڤ و شیرین عەبادی بە ناو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئەوان لە لایەن ئەمریکاوە بانگهێشت کرابوون.
پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو کە بەداخەوە ئیمپراتۆریەتی میدیایی حکومەتی ئەمریکا بە پێچەوانەکردن و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران هەوڵ دەدات کەشی سیاسی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە کۆبوونەوەانە دابین بکات و خاڵی سەیریش ئەوەی کە چەندین کەسی دوژمنیان بە ناسنامەی ئێرانییەوە بانگهێشت کردووە تا لە دژی ئێران لێدوان بدەن. ئەو کەسانەی کە سەرەڕای بوونی ناسنامەی ئێرانی، لە ساڵانی ڕابردوو و لە هەلومەرجێکدا کە قورسترین سزا و گەمارۆی ئەمریکا لە دژی خەڵکی ئێران بە تایبەت ژنان و منداڵان خرابووە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنانەت ڕێگری لە گەیاندنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشییە کوشندەکان دەکرا، هیچ دەنگێک لەوانەوە بەرز نەبوویەوە و لە هیچ میدیایەکەوە لێدوانیان لە دژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا نەدا، بەڵام ئێستا لە لایەن ئەمریکاوە بانگهێشت دەکرێن تا لە دژی ئێران و گەلەکەی لێدوان بدەن.
یەکەم کۆبوونەوەی گرووپی دۆستانی بەرگری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ئەندام، ڕۆژی شەممە 5 ی تشرینی دووەمی 2022 بە ئامادەبوونی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران بەڕێوەچوو و ئامادەبووان لەو کۆبوونەوەدا وێڕای پاڵپشتی لە گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن واشنتن و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتان بۆ دژایەتیکردن و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران دەربڕی./.