بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و ڕووسیا لە ساڵی ڕابردوو 4 ملیار و 35 ملیۆن دۆلار بووە کە بەرزترین ڕێژەی مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە. لەم ڕێژەیەش 3 ملیار و 68 ملیۆن دۆلار هاوردەی ئێران لە ڕووسیا بووە و 967 ملیۆن دۆلاریش هەناردەی ئێران بۆ ئەو وڵاتە بووە.
ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و ڕووسیا لە ساڵی 2020 بە پێی ئامارە فەرمییەکان 2 ملیار و 220 ملیار دۆلار بووە کە لەم ڕێژەیەش، هاوردەی ئێران لە ڕووسیا یەک ملیار و 425 ملیۆن دۆلار و هەناردەی بۆ ڕووسیاش 795 ملیۆن دۆلار بووە. ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە دوو ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەبووە، بە تایبەت لە هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ ڕووسیا.
ئەو بڕیارانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوو لە چوارچێوەی لێژنە جیاجیاکان و لە ئاکامدا لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەش دەرکرا و ئەو بەڵگە و ڕێکەوتنانەی کە لە لایەن هەر دوو لاوە واژۆ کرا، چوارچێوەی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا دیاری دەکات. ئەم چوارچێوەیە دەتوانێت داهاتووی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران ڕوونتر دەکاتەوە.
نەخشە ڕێگای هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا لە سەر چ بنەمایەکە؟
ئەحمەد ئەسەدزادە جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی وەزارەتی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە وردەکاری ڕێکەوتنی نێوان تاران و مۆسکۆ، وتی: لەو ڕێکەوتنەدا جەختمان لە سەر چەند تەوەری دیاریکراو و بە ئەنجام گەیاندنیان کردووەتەوە، وەک هاوکاری بانکی بەربڵاو لە پێناو ئاسانکاری بازرگانی و سەرمایەگوزاری، کەڵک وەرگرتنی ئێران لە قەرزی 5 ملیار دۆلاریی ڕووسیا و دانوستان بۆ زیاترکردنی ئەم ڕێژەیە، بازرگانیی سووتەمەنی بە تایبەت غاز، نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان و پەرەپێدانی بازاڕی هەناردەی غازی ئێران بە بەشداری ڕووسیا، سەرمایەگوزاریی ڕووسیا لە کەرتی نەوتی ئێران بە تایبەت لە پترۆکیمیا و پاڵاوگەکان و کەڵک وەرگرتن و چالاککردنی زیاتری ڕێڕەوی باکور – باشور.
ناوبراو وتی: ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە نێوان هەر دوو وڵات یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی ڕێکەوتنی نێوان تاران و مۆسکۆ بووە، هەروەها هەر دوو وڵات لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە ئێران بکرێتە سەنتەری ترانزێتیی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ڕووسیا. کردنەوەی یەکێتی ناوچە ئازادەکانی ئێران و ڕووسیاش یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی ئەو ڕێکەوتنە بووە.
جێگری وەزیری نەوتی ئێران وتی: ڕووسیا بە گشتی لە سەدا 24 ی سەرچاوەکانی نەوت و لە سەدا 36 ی سەرچاوەکانی غازی جیهانی لایە، ئێرانیش لەم ڕووەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندی جیهانە و بە واتایەکی دیکە هەر دوو وڵات بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی وزەی جیهانیان هەیە و هاوپەیمانی نێوان ئەوان لە بازاڕی وزە دەتوانێت بەدەر لە پووچەڵکردنەوەی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا، لە دیاریکردنی نرخەکانیش کاریگەری هەبێت، بابەتێک کە خواستی ڕووسیاشی لە سەرە.
هاوکارییەکان لە بواری وزە زیاتر دەبێت
ئەسەدزادە جەختی لە سەر هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری وزە، کارەبا، نەوت و غاز کردەوە و وتی: ڕێکەوتن کراوە کە لەم بوارانەدا پەرە بە هاوکارییەکان بدرێت، کۆمپانیاکانی ڕووسیا هەر ئێستاش لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێران چالاکی دەکەن و ساڵی داهاتوو ڕێژەی سەرمایەگوزارییەکانیش زیاتر دەبێت./.