بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیبراهیم ئەمین سەید سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە ئەم بزوتنەوەیە لە بەرامبەر ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی بە بێ چەک گەیشتە سەرکەوتن.
ناوبراو وتی: حزبوڵڵا چەکی گرنگی هەیە کە ڕێگری لە هێرشی دوژمنی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان دەکات و زایۆنیستەکانی ناچار کردووە دان بە مافەکانی لوبناندا بنێن.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا وتی: ئێمە بۆ مسۆگەرکردنی ماف و گەیشتن بە ئامانجەکانمان، پێویستمان بە شەڕ نییە، ئەو چەکانەمان هەیە و دەبێت بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست، بوێریمان هەبێت، ئێمە بە بێ چەک سەرکەوتنمان بە دەست هێنا.
ئیبراهیم ئەمین سەید وتی: لە ئێستادا حزبوڵڵا خاوەن چەکی گرنگە کە لەو ڕێگایەوە دەتوانێت شەڕی زاڵمانی جیهان بکات، گرنگی و کاریگەری چەکەکانیش وایکردووە کە دوژمن بیر لە شەڕی دژ بە لوبنان نەکاتەوە.
وتیشی کە هەوڵی زۆریان داوە ئەم چەکە لە حزبوڵڵا وەربگرن و بۆ ئەوەش پەنایان بۆ دەیان پیلانگێڕی بردووە، کاتێک شکستیان هێنا پەنایان بردە شەڕی ساڵی 2006 و لەو بڕوایەدا بوون کە ئەم شەڕە دەتوانێت کۆتایی بە حزبوڵڵا و خۆڕاگریی چەکدارانەی بێنێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی حزبوڵڵا وتی: یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەو شەڕە، شکستی پیلانی زایۆنیستەکان بوو، لەو کاتەدا ئێمە سەرکەوتنمان بە دەست هێنا و لە ئێستاشدا براوەین، دوایین نموونەش، دیاریکردنی سنوری دەریایی بوو کە بووە هۆی ئەوەی کە لوبنان سەرچاوەکانی نەوت و غازی خۆی بپارێزێت.
ئیبراهیم ئەمین سەید وتی: حزبوڵڵا لە میانەی دانوستانەکاندا ناچار نەبوو کە چەک بەکار بێنێت، بەڵکوو ئێمە تەنیا ڕامانگەیاند کە ئامادەین موڵەتی دەرهێنانی نەوت و غاز بە ڕژێمی زایۆنیستی نەدەین./.