بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە دیپلۆماتکارێکی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشە لە ئۆکرانیا ناکات، باڵیۆزی مۆسکۆش لە لەندەن بە هەمان شێوە جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێنێت.
ئەندری کلین باڵیۆزی ڕووسیا لە بەریتانیا بە کەناڵی سکای نیوزی ڕاگەیاند کە حکومەتی مۆسکۆ پابەندی بەکارنەهێنانی چەکی ئەتۆمییە.
ناوبراو وتی: هیچ کەس لە شەڕی ئەتۆمیدا براوە نابێت و نابێت ئەم شەڕە بکرێت، ئێمە خۆمان بە پابەندی بەکارنەهێنانی چەکی ئەتۆمی دەزانین.
باڵیۆزی ڕووسیا وتی: جیهان ئەوەی بۆ دەستەبەر کراوە کە ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێنێت.
پێشتریش جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە مۆسکۆ هیچ کات بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشەی لە ئۆکرانیا نەکردووە و نایکات./.