بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە تاران وتی: ئەمڕۆ دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئەمریکا بووەتە هێمای ڕەوتی ستەمکاری جیهانی کە لە لایەن حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی وەک شەیتانی گەورە ناو نراوە و بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆی ئامادەیە بەرژەوەندی زۆربەی دانیشتووانی جیهان لە ناو ببات.
ناوبراو بە ئاماژە بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لە 43 ساڵی ڕابردوو، وتی: ئەمریکا بە پیلانگێڕی دەیەوێت درێژە بە خۆسەپاندنی خۆی بدات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە درێژەی گەمژەییەکانی ڕایگەیاندووە کە هەوڵی ئازادکردنی ئێران دەدات، دەبێت ئەوە بزانێت کە ئێران 43 ساڵ بەر لە ئێستا ئازاد کراوە و بە ئازادیش دەمێنێتەوە و هیچ کات نابێتە دیلی ئەمریکا.
ئایەتووڵا ڕەئیسی وتی: ئێمە بە هەڕەشە و گەمارۆکانی ئەمریکا ڕاناوستین، ئەمریکا هەوڵی خاوکردنەوەی ڕەوتی گەشەسەندنی ئێران دەدات و ئەوەش دەزانێت کە ئێران بەردەوام بەرەو گەشەسەندن دەڕوات و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدات ئێران پەراوێز بخات بەڵام لە سەرجەم پیلانەکاندا شکستی هێناوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئەمریکا لە داڕشتن و دەستپێکردنی زیاتر لە 300 شەڕ و پێکدادان لە جیهان، وتی: ئەمریکا پێکهێنەری داعشە و ئێرانی ئیسلامی بۆ بەرگری لە گەلانی ناوچەکە شەڕی دژ بە داعشی کرد و بە هەوڵ و تێکۆشانی فەرماندەی شەهید قاسم سولێمانی پیلانی داعش و تیرۆریزم لە ناوچەکە شکستی هێنا.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ دوژمن یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئێمە و پێشکەوتن و ئاسایش و سەقامگیری ئێمەی کردووەتە ئامانج، بەڵام لەم پیلانەشدا شکست دێنێت.
وتیشی کە پێگەی ناوچەیی ئێران ئەوەی سەلماندووە کە بە بێ ڕەزامەندیی ئێمە هیچ هاوکێشەیەک لە ناوچەکە سەر ناگرێت و ئەمریکا لەم ڕۆڵ و پێگەی ئێران ئاگادارە./.