بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن بەهەشتی پور سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بۆ تاران، وتی: کۆبوونەوەیەک کە لە سووچی لە نێوان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و سەرۆک کۆماری ڕووسیا بەڕێوەچوو، ڕاگەێندراوێکی هەبوو کە تێیدا بە ڕاشکاوانە جەختی لە سەر ڕەتکردنەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە سنورەکاندا کردووەتەوە، هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ڕێکەوتنی ساڵی 1991 ی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش وەک بنەمایەک دەمێنێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ڕێکەوتنەکەی ئالماتی باسی لەوە کردووە کە نەک تەنیا سنورەکانی یەکێتی سۆڤییەت لە ئاستی نێودەوڵەتی بە فەرمی دەناسرێت، بەڵکوو سنورە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەش کە لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت بۆ ئەوان دیاری کراوە بە فەرمی دەناسێت، هەر بۆیە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بەم ڕێکەوتنە پیشاندەری ئەوەیە کە پرسی گۆڕانکاری لە سنورەکانی ئێران و ئەرمینیا بابەتێکی بەتاڵە بەڵام دەروازەیەک یان پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئازەربایجان و نەخجەوان بە دەسەڵاتی وڵاتی ئەرمینیاوە دابین دەکرێت.
ناوبراو وتی: پەیامی سەردانەکەی پاشینیان بۆ تاران جەختکردنەوەیە لە سەر هەڵوێستی ئەرمینیا بۆ پاراستنی سنورەکانی لە گەڵ ئێران و گەیاندنی ئەو پەیامەی ڕووسیا کە مۆسکۆش هاوشێوەی تاران هەر گۆڕانکارییەک لە سنورە مێژووییەکاندا ڕەتدەکاتەوە، ئازەربایجانیش لەو ڕاگەێندراوەدا بابەتەکەی قبووڵ کردووە بەڵام دەبێت بزانین بە کردەوە چی دەکات.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەی قەوقاز سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکەی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵوێستی بەرپرسانی کۆماری ئازەربایجان، وتی: ئازەربایجان بەردەوام هەوڵی ئەوەیداوە کە کێشە و قەیرانەکانی بخاتە ئەستۆی لایەنەکانی دیکە، بە پلەی یەکەم ئێران و پاشان ئەرمینیا، ڕاستییەکە ئەوەیە کە حکومەتەکەی عەلییۆف لە ناوخۆدا کێشەی زۆری هەیە بەڵام بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی هەوڵ دەدات کێشەکان بخاتە ئەستۆی ئێران و ئەرمینیا. مانۆڕە سەربازییەکەی ئێران پیشاندەری ئەوەیە کە بە هیچ شێوازێک ڕێگا بەوە نادرێت مەترسی لە سەر بەرژەوەندییە باڵاکانی هەبێت، ئێران هەموو کات ئەوەی سەلماندووە کە بە دوای ئاشتی و دۆستایەتیدایە بەڵام ئەوەشی پیشانداوە کە موڵەت نادات سنورە مێژووییەکانی بە دوو سەدە تەمەنەوە تووشی گۆڕانکاری بێت.
بەهەشتی پور وتی: پەیامێکی ئەو مانۆڕە سەربازییە بۆ تورکیا بووە کە واز لە سیاسەتی پان تورکیسمی خۆی بێنێت، هەروەها پەیامی ئەوەشی بە ئازەربایجان داوە کە ئێران لە سەر سنورەکانی بەهێزەوە ئامادەیە. ئەگەر ئازەربایجان سنورەکان بە فەرمی بناسێنێت هیچ کێشەیەک ڕوو نادات، کێشەکە کاتێک ڕوو دەدات کە داواکارییەکی نایاسایی و بۆ تێکدانی دۆخی ئێستا بخرێتەڕوو.
ناوبراو وتی: پڕوپاگەندە و جموجوڵە دیپلۆماسییەکانی ئازەربایجان بە شوێنێک ناگات، وڵاتان دەبێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و سنورە فەرمییەکان هەڵسووکەوت بکەن./.