بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 2 ی تشرینی دووەمی 2022 لە چاوپێکەوتنی فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا، وتی: سوریا بە تێپەڕکردنی چەندین ساڵ قەیران و شەڕ و شکستی دوژمنانی خۆی، ئەمڕۆ لە پێگەیەکدایە کە بە گرنگیدان بە هاوکارییە ئابورییەکان، پەیوەندی ستراتیژی خۆی لە گەڵ ئێران بەرەو قۆناغی نوێ ببات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوانەی کە سوریایان تووشی قەیران کرد، هەوڵ دەدەن تا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پیلانگێڕی بکەن، دوژمنان کاتێک ئەوەیان بینی کە کودەتا، شەڕی هەش ساڵەی سەدام و ساڵانێک سیاسەتی هەڕەشە و تیرۆر و گەمارۆ نابێتە ڕێگر لە پێشکەوتنی گەلی ئێران، بە ئاشکرا هاتووەتە گۆڕەپانەکەوە و پیلانی ئاژاوەگێڕیی لە دژی گەلی ئێرانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو هێزێکەوە درێژە بە ڕێگای پێشکەوتن، دادپەروەری و خۆڕاگری دەدات و پیلانگێڕییەکانی دوژمنان ئێران لە گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانی پاشگەز ناکاتەوە.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریاش وێڕای ئیدانەکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی شیراز، جەختیکردەوە کە پەیوەندی ستراتیژی ئێران و سوریا بەردەوام دەبێت.
ناوبراو وتی: کاتێک دوژمنانی ناوچەکە لە سوریا شکستیان هێنا، بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر گەلی بەهێزی ئێران دەرفەتی مسۆگەرکردنی ئامانجەکانیان نابێت./.