بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە تاران، وتی: سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران خاڵێکی وەرچەرخان لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەبێت.
ناوبراو وتی: بەهێزکردنی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لە کۆبوونەوەکاندا جەختمان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی، ئابوری، سیاسی و ئەمنییەکان لە گەڵ ئەرمینیا کردووەتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە چەند مانگی ڕابردوو لە سەدا 43 گەشەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەرمینیا مسۆگەر کراوە، بەڵام ئاسۆی بەردەوام ئاڵوگۆڕەکانمان تا 3 ملیار دۆلار دیاری کردووە و گەیشتن بەم ئامانجەش بە ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات دەکرێت.
ناوبراو وتی: ناوچەی قەوقاز بەشێکە لە مێژوو، شارستانیەت و کەلتوری ئێران و سەبارەت بەم ناوچەیە هەستیارین و ئاشتی لە قەوقاز بۆ ئێران زۆر گرنگە.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا وتی کە بۆمان گرنگە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداری دانوستانەکانی ئێمە، ڕووسیا، ئازەربایجان و تورکیا بێت./.