بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا کە لە ماوەی ڕابردوو بە لێدوانەکانی هەڕەشەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد کردووە، جارێکی دیکە لە چاوپێکەوتنی میدیایەکی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەم هەڕەشانەی دووبارە کردەوە و لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای هاوکاریی لە تەل ئەبیب کرد.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی کە شەوی دووشەممە 31 ی تشرینی یەکەمی 2022 بڵاو کرایەوە، وتی: لە هەڵوێستی ئیسرائیل و پێنەدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بە ئۆکرانیا تێناگەم و ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەشت مانگی ڕابردوو بەردەوام ئەم داواکارییە ئاراستەی سەرۆک وەزیرەکانی ئیسرائیل کراوە.
ناوبراو جارێکی دیکە بانگەشەی بەکارهێنانی درۆنەکانی ئێرانی لە لایەن ڕووسیاوە دووبارە کردەوە و داوای هاوکاریی لە ڕژێمی زایۆنیستی کرد.
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا وتی کە ئێمە ڕوبەڕوی هاوپەیمانی گەورەی ئێران و ڕووسیا بووینەتەوە.
زیلێنسکی وتی: ئێمە شەڕی هاوپەیمانییەکی گەورە و نوێ بە ناوی ڕووسیا و ئێران دەکەین و هیوادارین ئیسرائیل هاوکاریمان بکات و بەهێزەوە لە بەرامبەر ئەم هاوپەیمانییە کاردانەوەمان دەبێت.
ناوبراو پڕوپاگەندەی ئەوەیکرد کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە دەڵێن ڕووسیا نزیکەی هەزار و 500 درۆنی شەڕکەری ئێرانیی هەیە.
وتیشی کە جیهان ڕەنگە لەم شەڕەدا شکست بێنێت و ئۆکرانیا لە دەست بدات.
لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوام ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە کە چەکی ئێرانی بە تایبەت درۆنەکان بۆ شەڕی ئەو وڵاتە درابێتە ڕووسیا./.