بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسانەش لە کاتێکدایە کە بەم دواییانە بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حکومەتی سعوودیە کردووە لە زووترین کاتدا عەبدوڵڵا حەویتی ئازاد بکات و سزای لەسێدارەدانەکەی – بە پێی ئەو تۆمەتانەی کە لە کاتی منداڵیی ئەودا دەرکراوە – هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە مەترسی لە سەر گیانی دەیان کەس بە تایبەت چەند منداڵ لە سعوودیە هەیە و سەبارەت بە هەر تاوانێکی دیکەی حکومەتی ڕیاز هۆشداریی داوە.
نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کارنامەی ئەم ڕژێمە پڕ لەو تاوانانەیە کە ڕەنگە لە جیهان و مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی کەم بێت.
ڕژێمی سعوودیە لە مانگی ئاداری ڕابردوو و لە تاوانێکی دڕندانەدا لە یەک ڕۆژدا سزای لەسێدارەدانی 81 کەسی جێبەجێ کرد کە ژمارەیەک لەوان دیلی یەمەنی و 41 کەسیش شێعە بوون.
لەسێدارەدانەکانیش بە چەندین تۆمەتی وەک تێوەگلان لە کردەوە تیرۆریستییەکان و هەبوونی بیر و بڕوای دیکە بووە.
ئەو چاودێرانەی کە ئاگاداری ڕەوشی مافی مرۆڤ و کارنامەی ڕژێمی سعوودیەن، لەو بڕوایەدان کە کێشەکە لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەو کەسانەیە دەسەڵاتی سعوودیەیان بە دەستەوەیە و تەنیا لە یەک ڕۆژدا 81 کەس لەسێدارە دەدەن.
بە وتەی ئەو شارەزایانە، بەدەر لە ڕاست و درووستیی بڕیارەکان، ئەوەی کە حوکمی لەسێدارەدانی 81 کەس لە یەک ڕۆژدا دەردەکات، ناتوانێت کەسێکی تەندرووست بێت.
ڕوون و ئاشکرایە کە ئەگەر پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بەناو لایەنگری مافی مرۆڤ نەبێت، ڕژێمی سعوودیە بەم ئاسانییە ناتوانێت ئەو هەموو سزایە جێبەجێ بکات.
جیهانی ئێستا هێشتا کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر ئەم تاوانانەی سعوودیە بە تایبەت منداڵان و کەسانی بێ تاوان و گیراوانی بیر و ڕا پیشان نەداوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پەرەیان بە پەیوەندییە سیاسی، ئابوری، ئەمنی و سەربازییەکان لە گەڵ ڕیاز داوە و ئەمەش وایکردووە کە حکومەتی سعوودیە گرنگی بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەدات.
بەدەر لەمەش، بەشێک لە شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندووە کە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە ئەم دۆخەی جیهان و سەرقاڵبوون بە قەیرانی ئۆکرانیا بەکار دێنێت و سەرجەم هێڵە سوورەکانی پێشێل کردووە و بۆ ڕێگری لە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پەنای بردووەتە ترس و تۆقاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ./.