بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا دوایین ڕەوشی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وێڕای دەستخۆشی لە پەیامی هاوخەمیی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری شیراز، وتی: لە چەند هەفتەی ڕابردوو بەشێک لە دوژمنانی ئێمە هەوڵی ئەوەیان داوە لە ڕێگای ڕووداوەکانی ئەم دواییەوە و بە ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری، ئامادەکاری بۆ هێرشی تیرۆریستیی داعش بکەن.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا بە چەندین جار پیلانی وەهای بینیوە بەڵام بە یارمەتی خودای گەورە سەربەرزانە هەموو پیلانەکانی تووشی شکست کردووە.
لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی کە ئێران و تورکیا تەنیا دوو وڵاتی دراوسێ نین، بەڵکوو دوو وڵاتی برادەرن کە لە شایی و تەنگانەدا پێکەوە ماونەتەوە.
ئۆغلۆ وتی کە ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم هەموو کات لە گەڵ ئێران بووین و دەمێنینەوە./.