بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە بە پێی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە پێناو جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کردەوە تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پەسەندکراوی ساڵی 2017، ئەم کەس و دامەزراوانە بە پێی بڕگەکانی 4 و 5 ی ئەو یاسایە و بە هۆی چالاکییەکانی دژ بە مافی مرۆڤ، دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەرەپێدانی توندووتیژی و ئاژاوەگێڕی لە ئێران، هاندان بۆ کردەوە تیرۆریستییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەنگاو و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم و لە ئاکامدا گوشارەکانی سەر گەلی ئێران کە وەک تیرۆریزمی ئابورییە، دەخرێنە ڕیزی سزاکانەوە.
فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و جێگرەکەی، فەرماندەی بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێگەی یەکێتی لە دژی ئێرانی ناوەکئی، بریکار و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بواری شەری ئەلیکترۆنی، فەرماندەی کاروباری مەدەنی و شەڕی دەروونیی سوپای ئەمریکا و چەند کەسێکی دیکە و هەروەها دامەزراوەکانی پێگەی یەکێتی لە دژی ئێرانی ناوەکی، دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا، گاردی نیشتمانیی ئەمریکا و یەکەی نۆیەمی هێزی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا لە ڕیزی سزاکانی ئێراندا ناویان هاتووە.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم سزایانە دەگرنەبەر./.