بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پزیشکانی پسپۆڕ ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی توشبوون بە نەخۆشیی ئەنفلۆنزا لە گەڵ پرۆسەی دەرمان و بەکارهێنانی حەب و پێداویستی دیکە، دەبێت گرنگی بە خواردنیش بدرێت.
لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەی پێویست بێت لە سەر خواردنەکان لە کاتی توشبوون بە نەخۆشیی ئەنفلۆنزا باس دەکرێت.
ئەو خۆراکانەی بۆ ڕێگری لە توشبوون بە ئەنفلۆنزا کاریگەرییان هەیە:
هەندێک خواردن هێندە بەسوودن کە دەتوانن بە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، ڕێگری لە توشبوون بە ئەنفلۆنزا بکەن. ئەم نەخۆشییە زیاتر لەو کەسانەدا هەیە کە سیستەمی بەرگری جەستەیان لاوازە. هەر بۆیە دەتوانن تەنیا بە خواردنی چەند مادەیەکی دەوڵەمەند بە ڤیتامینەکان سیستەمی بەرگری جەستەی خۆتان بەهێز بکەن.
شیرەمەنییەکان:
ڕەنگە ئەوەتان بیستبێت کە لە سەدا 70 ی سیستەمی بەرگری جەستەی ئێمە بەندە بە تەندرووستی ڕیخۆڵەکانمانەوە. سەرجەم ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆین، هەموویان کاریگەرییان لە سەر تەندروستی ڕیخۆڵەکان هەیە. لە باشترین ئەو بەکتریانەی کە دەتوانن سیستەمی بەرگری جەستە و ڕیخۆڵەکان بەهێز بکەن، پرۆبیۆتیکەکانن کە سەرچاوەی سەرکییان شیرەمەنی و میوەکانن. ماست یەکێک لە سەرەکیترینی ئەو خۆراکانەیە کە دەوڵەمەندە بەم بەکتریا بەسوودە.
ماسی سەلەموون:
ماسی سەلەموون سەرچاوەیەکی ئۆمێگا 3 یە کە سیستەمی بەرگری جەستە و کەمبوونی هەوکردنەوەکانی بە دواوە دەبێت. ئەم خواردنەش دەتوانێت بۆ ڕێگری لە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بەسوود بێت.
پرتەقاڵ:
پرتەقاڵ سەرچاوەیەکی سەرەکی ڤیتامین C و دەتوانێت سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز بکات. لەم وەرزەدا نابێت واز لە خواردنی پرتەقاڵ بێنن.
گوێز:
گوێز دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E، B6، مس و ئۆمێگا 3 و ئەنتی ئۆکسیدەکانی ناو گوێز دەتوانێت سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز بکات و مەترسی توشبوون بە ئەنفلۆنزا کەم بکاتەوە.
هەنار:
هەنار تەنانەت زیاتر لە چای سەوز تایبەتمەندی ئەنتی ئۆکیسدانی هەیە. ئەنتی ئۆکسیدانەکان دەبنە هۆی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشییەکانی وەک ئەنفلۆنزا.
سیر:
سیر تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە میکرۆبی هەیە و دەتوانێت لە ڕووی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستەوە کاریگەری خۆی دابنێت. ئەگەر بۆنی سیر بۆ ئێوە ناخۆشە، لە گەڵ خواردنەکانی دیکەدا تێکەڵی بکەن.
هەنگوین:
هەنگوین بە هەمان شێوە تایبەتمەندی ئەنتی ئۆکسیدانی هەیە کە لە باشترکردن و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە کاریگەری هەیە. هەروەها خواردنی هەنگوین لە ڕووی کەمکردنەوەی کۆکەی سەردەمی توشبوون بە ئەنفلۆنزا کاریگەری هەیە.
ڕۆنی زەیتون:
زەیتون تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە. هەندێک توێژینەوەش باس لەوە دەکەن کە دژی میکرۆبە. خواردنی ڕۆنی زەیتون لە گەڵ زەڵاتە دەتوانێت نیشانەکانی ئەنفلۆنزا کەم بکاتەوە.
لە کاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا چی بخۆین؟
ئەگەر تووشی ئەنفلۆنزا بوون و لە کاتی تێپەڕکردنی پرۆسەی دەرماندان، باشترە لە ڕێگای مادە خۆراکییەکانەوە پرۆسەی چارەسەرکردنی خێراتر بکەن.
بۆ دابەزینی تا باشترە ئاوی زیاتر بخۆن:
لە کاتی تا، ئاوی جەستە کەم دەبێتەوە و باشترە ڕووی لە خواردنی ئاو و ئاوی میوە بکرێت. گۆڕینی ڕەنگی میز لە نیشانەکانی کەمبوونی ئاوی جەستەیە. ئەگەر تووشی ئەنفلۆنزا بوون خواردنی ئاو لە بیر نەکەن. ئاوی پرتەقاڵ، ئاوی گەرم بە هەنگوین و لیمۆ و زەنجەفیڵ بۆ توشبووانی ئەنفلۆنزا زۆر باشە.
چای زەنجەفیڵ لەبیر نەکرێت:
سک ئێشە یەکێک لە نیشانەکانی توشبوونە بە ئەنفلۆنزا. گیراوە گەرمەکانی وەک چای زەنجەفیڵ دەتوانێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئێشە کاریگەری هەبێت. هەروەها خواردنی چای زەنجەفیڵ دەتوانێت حاڵەتی ڕشانەوە کەم بکاتەوە.
ماست بۆ چارەسەرکردنی سکچوون:
ئەگەر لە کاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا سکچوونتان هەبوو، ئەو خواردنانە بەکار بێنن کە هەرس کردنیان ئاسانە و دەوڵەمەندن بە پرۆبیۆتیک و ماست سەرچاوەی پرۆبیۆتیکە و دەتوانێت باشتربوونی سکچوونی بە دواوە بێت. ئەڵبەت لە هەندێک توشبوودا ڕەنگە خواردنی ماست نیشانەکانی ئەنفلۆنزا زیاتر بکات.
خواردنی سوپ کاریگەری هەیە:
لە چەند دەیەی ڕابردووەوە یەکەم خواردنی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی ئەنفلۆنزا و هەڵامەت سوپە کە سەرچاوەی جۆرەکانی ڤیتامین، مادە کانزاییەکان، پرۆتین و کالۆرین، وەک سوپی مریشک، سوپی جۆ، سوپی شێلم و شۆربای سپێناخ.
لە کاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا ئەم خواردنانە قەدەغەیە:
هەندێک خواردن لە کاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا کێشە تەندرووستییەکان زیاتر دەکەن، وەک پەنیر، شۆکۆلاتە، چپس، خواردنە خێراکان، قاوە، بیبەری توند، مۆز و باینجان./.