بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لە لایەن دامەزراوەی مەک کێنزی کراوە، پیشان دەدات کە نزیکەی لە سەدا 60 ی دانیشتووانی ئەڵمانیا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بە گەورەترین مەترسی لە سەر ژیانی خۆیان دەزانن.
ئەم ڕێژەیە بەراورد بە مانگی حوزەیران بەرزبوونەوەی هەبووە. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە سەدا 48 ی دانیشتووانی ئەڵمانیا وەها بۆچوونێکیان هەبوو.
ڕاپرسییەکە بە بەشداری هەزار کەس کراوە و ئەوەی پیشان داوە کە دوو لە سەر سێی ئەو کەسانە لە ئێستادا خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک ئامادە کردووە.
هەر بە پێی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە، زیاتر لە سەدا 60 ی ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە بەکارهێنانی وزەدا زیادەڕۆیی ناکەن و هەروەها زیاتر لە نیوەی بەشداربووەکان ڕایانگەیاندووە کە واز لە کڕینی پێداویستییەکان بۆ پشووەکانی سەری ساڵی نوێ دێنن.
مارکۆس جاکوپ شارەزای ئەم دامەزراوەیە سەبارەت بە ڕاپرسییەکە ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئەڵمانیا بە پێی ئەم هەلومەرجە ئابورییە بە تایبەت لە بواری وزەدا گۆڕانکاری بەرچاویان لە پلانەکانی ژیانیان کردووە.
ئەنجامی ڕاپرسییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دانیشتووانی ئەڵمانیا بەراورد بە فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتالیا و ئیسپانیا تێڕوانینی نەرێنییان سەبارەت بە داهاتوو هەیە و لەو بڕوایەدان کە قەیرانی وزە کاریگەری درێژخایەنی لە سەر ئابوری دەبێت./.