بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا ڕایگەیاند کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە دانەوەی قەرزی غاز و کارەبای خۆیان تووشی کێشەی جیدی بوونەتەوە.
ئەو نووسینگە ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 45 ی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکدا کردووە، ڕایانگەیاندووە کە لە ڕووی داراییەوە توانای دانەوەی قەرزی غاز و کارەبایان نییە، لە سەدا 30 ی ئەو کەسانەی کە کرێچین یان قەرزی خانووبەرە دەدەنەوە ڕایانگەیاندووە کە بۆ دانەوەی قەرزی غاز و کارەبا کێشەی جیدییان هەیە.
هەروەها لە سەدا 55 ی کەمئەندامانی بەریتانیا بە هەمان شێوە تووشی کێشە بوون.
ئەو خێزانانەش کە کرێچین و داهاتی کەمیان هەیە توانای دانەوەی قەرزی غاز و کارەبایان نییە کە نرخەکەی لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە بەرز بووەتەوە.
نیوەی ئەو کەسانەش کە داهاتی ساڵانەیان کەمترە لە 20 هەزار پۆند، ڕایانگەیاندووە کە کێشەی دانەوەی قەرزەکانیان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم ئامارە لە نێو ئەو کەسانەی کە داهاتی ساڵانەیان 50 هەزار پۆند یان زیاتر بووە، لە سەدا 23 ڕاگەێندراوە./.