بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دڵەڕاوکێ ڕەنگە یەکێک لە بەشەکان و قۆناغەکانی ژیانی منداڵان بێت. ڕەنگە منداڵان لە شتێک بترسن، دەنگێکی بەرز، سەگ، تارمایی، تەنیایی، تەنیایی لە گەڵ کەسانی نەناسراو و شتی دیکە کە ڕەنگە سرووشتی بێت یان ناسرووشتی. منداڵان لە تەمەنی 18 مانگییەوە دەچنە قۆناغی ترس و دڵەڕاوکێوە و لە هەر کەسێکی نەناسراو کە لەوان نزیک دەبێتەوە، دەترسن و کاردانەوەیان دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم دڵەڕاوکێیە تا تەمەنی خوێندن بەردەوام بێت و ببێتە ترسێکی کۆمەڵایەتی، سرووشتی و ئاسایی نییە و دەبێت چارەسەر بکرێت.
پرسیارێکی گرنگ بۆ باوک و دایک ئەوەیە کە چۆن چارەسەری ئەم کێشەیە لە منداڵاندا بکرێت؟
دکتۆر سەجاد کەریمیان مەجد دەروونناس و ڕاوێژکاری تایبەتی خێزان لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە کە ڕیشەکانی دڵەڕاوکێ لە منداڵاندا دەبێت دەستنیشان بکرێت، هەندێک کات منداڵێک گۆشەگر بووە و باوک و دایک هەست بەوە دەکەن کە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بووە. هەندێک کاتیش ترس و دڵەڕاوکێ بە هۆی ڕووداوێکەوە بووە، بۆ نموونە کەسێک منداڵەکەی لە شتێک ترساندووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە ترس و دڵەڕاوکێکان هۆکاری ویراسیی هەیە و دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش دۆخی باوک و دایک تاوتوێ بکرێت تا بە وردی هۆکارەکەی دەستنیشان بکرێت، بۆ نموونە، ئایا دایک لە سەردەمی دووگیانیدا تووشی وەها حاڵەتێک بووە یان نە؟
ئەو پسپۆڕە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بۆ ترس و دڵەڕاوکێی منداڵان ناتوانین باس لە هۆکارێکی ڕوون و تەنیا بکەین. منداڵەکە دەبێت لە لایەن دەروونناسەوە ببینرێت تا هۆکارەکەی بۆ ڕوون ببێتەوە. ئەگەر باوک و دایکیش هۆکارەکەی دەزانن، دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، بە پێچەوانەی ئەمەوە دەبێت منداڵەکە ببرێتە لای دەروونناس و پسپۆڕی تایبەتەوە./.