بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دیپلۆماتکارێکی چینی ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ڕووسیا دەتوانێت ڕەوتی لاوازکردنی پێگەی دۆلار لە بازاڕەکانی جیهان خێراتر بکات.
سان ڤیدانگ بە ئاماژە بەوەی کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی چین و ڕووسیا بە تایبەت لە کەرتی وزە و کشتووکاڵ ڕووی لە زیادبوون کردووە، وتی: بوونی هاوبەشی ئابوری لە نێوان چین و ڕووسیا و گرێبەستە درێژخایەنە ئابوری و بازرگانییەکان لە نێوان ئەم دوو وڵاتە بووەتە پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
ناوبراو وتی: هاوکارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا بەردەوامە و ڕۆڵی گرنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات هەیە. بەدەر لەمەش بەرهەمە کشتووکاڵی و دەریاییەکان کە لە ڕووسیاوە هاوردە دەکرێت ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ڤیدانگ وتی: ئێمە هاوکاری دووقۆڵیمان لە بواری پرۆژە سەرەکییەکانی وەک وزەی ناوەکی، ژێرخانی گواستنەوەی ئاسمانی، مووشەکی، مانگی دەستکرد بە بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی دەستپێکردووە.
ڕووسیا لە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی سڕینەوەی دۆلاری لە بازرگانیی دەرەکی خۆی داوە، بە تایبەت ئەم سیاسەتە لە گەڵ چین بە هەموو شێوازێک جێبەجێ کراوە.
بە پێی ئامارە نیشتمانییەکانی چین، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ڕووسیا لە 9 مانگەی ساڵی 2022 گەیشتووەتە 136 ملیار دۆلار کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 30 گەشەی هەبووە.
مۆسکۆ و پەکین هەروەها ڕایانگەیاندووە کە هەوڵ دەدەن ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان لەمساڵ بگاتە 200 ملیار دۆلار./.