بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید مورتەزا عیمادی وتەبێژی ڕێکخراوی گومرکی ئێران ڕایگەیاند کە بازرگانی دەرەکی ئەم وڵاتە لە 7 مانگەی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی لە سەدا 10 بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە و کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە 7 مانگەی ساڵی 1401 بەرامبەر بە 81 ملیۆن و 30 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 60 ملیار و 133 ملیۆن دۆلار بووە.
ناوبراو وتی: ئەم ڕێژەیە لە بازرگانی دەرەکی لە 7 مانگی ئەمساڵ بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی لە سەدا 10 بەرزبوونەوەی هەبووە و لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 17.6 دابەزینی هەبووە.
عیمادی سەبارەت بە هەناردەی نانەوتی ئێرانیش لە 7 مانگەی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی وتی: لەم ماوەیەدا 61 ملیۆن و 283 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 28 ملیار و 406 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە کە لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 5.6 بەرزبوونەوەی هەبووە بەڵام لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 18.2 دابەزینی تۆمار کردووە.
وتەبێژی ڕێکخراوی گومرکی ئێران وتی: لەم ماوەیەدا 19 ملیۆن و 747 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 31 ملیار و 727 ملیۆن دۆلار هاوردە کراوە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 15.7 دابەزیوە بەڵام لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 14.4 بەرزبوونەوەی هەبووە.
سەید مورتەزا عیمادی وتی: وڵاتانی چین، عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، تورکیا و هیندستان بە 5 ئامانجی سەرەکی و یەکەمی هەناردەی کاڵای ئێرانی لە 7 مانگی ڕابردوو دادەنرێن. 9 ملیار و 181 ملیۆن دۆلار بۆ چین، 4 ملیار و 29 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق، 3 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار بۆ ئیمارات، 3 ملیار و 81 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا و یەک ملیار و 98 ملیۆن دۆلار بۆ هیندستان کاڵا لە ئێرانەوە هەناردە کراوە.
وتیشی کە لە سەدا 70.3 ی کێش و 73.4 ی بەهای کۆی گشتی کاڵای هەناردەکراوی ئێران لە ماوەی 7 مانگی ڕابردووی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی بۆ ئەم 5 وڵاتە بووە.
وتەبێژی ڕێکخراوی گومرکی ئێران هەروەها ناوی ئەو 5 وڵاتەشی ئاشکرا کرد کە زیاترین هەناردەیان بۆ ئێران هەبووە یان بە واتایەکی دیکە ئێران زیاترین هاوردەی لەو 5 وڵاتەوە بووە.
عیمادی ڕایگەیاند کە لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە 9 ملیار و 435 ملیۆن دۆلار، چین بە 8 ملیار و 284 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 3 ملیار و 218 ملیۆن دۆلار، هیندستان بە یەک ملیار و 695 ملیۆن دۆلار و ئەڵمانیا بە 991 ملیۆن دۆلار زیاترین هەناردەیان بۆ ئێران هەبووە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 62.3 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 74.4 ی کۆی گشتی هاوردەی ئێران لەم 5 وڵاتەوە بووە./.