بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون پێش ئەوەی کە ماڵئاوایی لە سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان بکات فەرمانی دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری ئەم وڵاتەی بە سەرۆکایەتی نەجیب میقاتی واژۆ کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە میقاتی هێشتا لە پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان سەرکەوتوو نەبووە و سەرۆکایەتی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات.
وتووێژی لایەنە سیاسییەکان
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش نەبی بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەردوامیی شکستەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ، ڕایگەیاند کە دانیشتنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ بووەتە نمایشێکی شکستخواردوو و بەم هۆیەوە هەوڵ دەدرێت وتووێژی لایەنە سیاسییەکان بکرێتە شوێنگرەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە پێناو گەیشتن بە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار.
بێری وتی کە شاندێک بە نوێنەرایەتی من سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە تا بۆچوونی ئەوان لە سەر ئەم تەوەرە وەربگرێت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکەینە تروسکەیەکی هیوا بۆ لوبنانییەکان و دەربازبوونیان لەم قەیرانانەی ئێستا.
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان وتی: تا کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەبێت، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سوودی نابێت و بەم هۆیەشەوە وتووێژی سیاسی دەکرێتە شوێنگرەوەی دانیشتنی پەرلەمان و ئەگەر دەرفەتێک بۆ ڕێکەوتن هەبێت دەستبەجێ دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت.
بڕیارەکەی عون
میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان ڕۆژی یەک شەممە 30 ی تشرینی یەکەمی 2022 بە فەرمی ماڵئاوایی لە کۆشکی کۆماری کرد و ڕایگەیاند کە بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییەی پێی دراوە، فەرمانی دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری واژۆ کردووە.
ناوبراو وتی: نەجیب میقاتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان خواستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی نییە، ئێمە حکومەتێکمان هەیە کە متمانەی پەرلەمانی نییە و کاتییە.
میشل عون وتی: ئیرادەیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان نییە و دوایین دەرفەتیش بە نەجیب میقاتی درا و کەڵکی لێ وەرنەگیرا.
دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی لوبنان ئەنجامێکی نەبووە. ناکۆکییەکان لە نێوان سەرۆک کۆماری پێشوو و سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بووە. پێکهاتەی کابینەی لوبنان 24 وەزیری لە خۆ دەگرێت و مەسیحییەکان پێداگری لە سەر وەزارەتی وزە دەکەن کە نەجیب میقاتی ڕەتیکردووەتەوە.
سەردانەکەی حەریری
لە گەرمەی قەیرانی سیاسی لوبنان و کۆتایی خولی سەرۆکایەتی میشل عون، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان ڕۆژی شەممە 29 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە تورکیا لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە. کۆبوونەوەیەک کە لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکان و بە بێ ئامادەبوونی میدیاکان کرا.
حەریری 24 ی کانوونی دووەمی 2022 ڕاگرتنی چالاکییە سیاسییەکانی ڕاگەیاند و لە هەمان کاتدا داوای لە ڕەوتی موستەقبەل کرد کە ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکات و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 15 ی ئایاری ڕابردوو بەشداری نەکات.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە بەرپرسیارانە ئەو بڕیارەی دەرکردووە و پێی وایە کە بە پێی هەلومەرجی نێودەوڵەتی، کەلێنە نیشتمانییەکان، لاوازیی حکومەت و ئەگەری شەڕی تائیفی، دەرفەتێکی ئەرێنی بوونی نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شارەزایان و چاودێرانی ڕەوشی لوبنان لەو بڕوایەدان کە بە پێی کەلێن و ناکۆکییەکانی ڕەوتی 14 ی ئادار و جیدیبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان، سەعد حەریری هەوڵی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە دەدات تا لەم ڕێگایەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی مسۆگەر بکات. هەر بۆیە بەردەوامی بۆشایی دەسەڵات لە لوبنان و قەیرانی ئابوری و دۆخی نالەباری بژێوی ژیانی دانیشتووانەکەی دەتوانێت کەشێکی لەبار بۆ حەریری بخوڵقێنێت. لەم نێوەندەدا سەردانەکانی ناوبراو بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەتوانێت هەوڵێک لە پێناو کۆکردنەوەی پاڵپشتی دەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پلان و بڕیارەکانی بێت./.