بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و متمانە بە کابینەی نوێی ئەم وڵاتە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی خاڵێکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسی عێراق کە تێیدا سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو لە ماوەی دوو هەفتەدا کابینەکەی پێکهێنا و لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەش متمانەی بۆ وەرگرت.
پلانەکانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق
سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە بە کابینەکەی گرنگترین پلان و بەرنامەکانی شرۆڤە کرد. محەممەد شیاع سودانی بەڵێنی ئەوەیدا کە لە ماوەی یەک ساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە ببات. ناوبراو هەروەها سەبارەت بە بەرنامەی کابینەکەشی وتی کە سەرجەم بڕگەکانی بە ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بووە. وتیشی کە لە ماوەی سێ مانگدا و لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا دەکرێت. سودانی هەروەها وتی کە کابینەکەی خۆی بە پابەندی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەزانێت کە لە پاش خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019 ی عێراق ڕاگیراوە.
لە پلانەکانی سودانیدا گرنگی زیاتر بە چاکسازی لە کەرتی ئابوری، دارایی و خزمەگوزاری دراوە. پلانەکە چەندین خاڵ لە خۆ دەگرێت، وەک: بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بێکاری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا، پاڵپشتی لە چینی هەژاری کۆمەڵگا، دابینکردنی هەلی کار، پەرەپێدانی وەبەرهێنان و پیشەسازی، خێراترکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی شەڕی تیرۆر، تەواوکردنی دۆسیەی ئاوارەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان، ڕێگری لە بەفیڕۆبردنی سامانی گشتی.
پلانەکە هەروەها ئاماژەی بەم خاڵانەش داوە: پاڵپشتی لە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتووکاڵ، باشترکردنی دۆخی پیشەسازی و گەڕانەوەی متمانە بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی، پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت، باشترکردنی دۆخی دراوی نیشتمانی تا گوشارەکان لە سەر خەڵک کەم بکرێتەوە، باشترکردنی خزمەتگوزاری گەیاندن و پەیوەندییەکان، پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە، گەیشتن بە سیستەمێکی گونجاوی پەروەردە و دابینکردنی دەرفەتی بەرامبەری خوێندن و بەکوالیتی بۆ هەمووان، چالاککردنی کەرتی گەشتیاری بۆ جۆربەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵات، گرنگیدان بە پرسی مافی مرۆڤ، گرنگیدان بە تواناکانی ژنان، بەرزکردنەوەی ئاست و کاریگەری دەسەڵات و سەروەری عێراق، پتەوکردنی ژێرخانە ئەمنی و سەربازییەکان، چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکان و لە ئاکامدا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی یەک ساڵدا.
چاوەڕوانییەکان لە کابینەکەی سودانی
ئەگەرچی پێدانی متمانەی پەرلەمانی عێراق بە کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی کاردانەوە و پەیامی پیرۆزبایی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەی بە دواوە بووە، بەلام هەندێک لەوان داواکاری و چاوەڕوانی ڕوون و ئاشکرایان خستووەتەڕوو. سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی داوای لە حکومەتی نوێ کردووە کە ڕوبەڕوی دیاردەی گەندەڵی و بە تایبەت دەموچاوە ئاشکراکان ببێتەوە و هەروەها داوای لە میدیاکان و دامەزراوەکانی دیکەی عێراقیش کردووە کە بۆ گەڕاندنەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکانی عێراق پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی حکومەتی نوێ بکەن.
هەروەها حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر و سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە: ئێمە بەشێک لە حکومەت نین بەڵام سەرکەوتنەکەی دەبێتە دەسکەوتێکی نیشتمانی، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی نوێ دەکەم بۆ سەرکەوتنی ئەم حکومەتە لە ئاست بەرپرسیاریەتی و ئەرکەکانی خۆیاندا هەوڵ بدەن و هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەنەوە.
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحیش داوای ئەوەیکردووە کە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق لە سەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی و ڕێزی بەرامبەر بە دەسەڵات و سەروەری و نەبوونی دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و بەکارنەهێنانی خاکی ئەم وڵاتە وەک هەڕەشە لە سەر دراوسێکان بێت.
عامری بە ئاماژە بەوەی کە حکومەت دەبێت گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی خزمەتگوزاری بدات و پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ئابوری، دارایی و کارگێڕیی عێراقدا بکات، ڕایگەیاندووە کە حکومەت دەبێت پلانی دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکاران و باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان بە تایبەت چینی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگا لە ڕیزی سەرەکیی کار و بەرنامەکانیدا دابنێت.
ئاسۆی بەردەم حکومەتی نوێ
بە پێی هەلومەرجی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق و بە گشتی لە عێراقی پاش سەدام کە سیستەمی پشکخوازیی لایەنەکان ڕێگریی لەوە کردووە ڕەزامەندیی خەڵک مسۆگەر بکرێت، سودانی و حکومەتەکەی بۆ نەهێشتنی ئەم کەلێنە و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک ئەرکێکی قورسیان لە سەر شانە.
ئەگەرچی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕووداوێکی گرنگ و کەم وێنە بووە و تا ڕادەیەک هیوای بۆ گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە هێناوەتە پێشەوە، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین کە ئەم حکومەتە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی وەک پرۆسەی پێکهێنانەکەی سەرکەوتوو دەبێت یان وەک حکومەتەکانی ڕابردوو تووشی هەمان چارەنووسی پشکخوازی لایەنەکان، کاریگەری سیاسی و لاوازی لە کارنامەیەدا دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی وەک ئەمریکا بەردەوام ڕێگرییان لە گەشە و پێشکەوتنی عێراق کردووە، بۆ نموونە لە کەرتی کارەبا کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرەڕای تاڵانکردنی پارە و بودجەی ئەم وڵاتە، ڕێگری لەوە دەکەن حکومەت لە ڕێگای وڵاتانی دیکەوە ئەم قەیرانە چارەسەر بکات. ئەم دەستێوەردانەی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی وایکردووە کە ڕێگای بەردەم گەشە و پێشکەوتنی عێراق ڕوبەڕوی کێشەی سەرەکی ببێتەوە و دەبێت چاوەڕوان بین کە سودانی چۆن دەتوانێت بە سەر ئەم کێشانەدا زاڵ بێت؟