بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون ڕۆژی یەک شەممە 30 ی تشرینی یەکەمی 2022 و لە پاش کۆتایی خولی شەش ساڵەی سەرۆکایەتی، ماڵئاویی لە کۆشکی کۆماریی لوبنان کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی لوبنان سەرەڕای بەڕێوەچوونی چوار دانیشتنی تایبەت لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت.
میدیاکانی لوبنان وێنەی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی میشل عونیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە ناوبراو کۆشکی بەعبەدای بەرەو شوێنی مانەوەی لە ئەلڕابیە جێهێشتووە.
میشل عون لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بە ئامادەبوونی لایەنگرانی وتی: ئەمڕۆ بە پێی دەسەڵاتی دەستووری لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان فەرمانی دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتم واژۆ کرد.
عون لە درێژەدا وتی: ئەمڕۆ ڕۆژی کۆتایی ئەرکێکە نەک کۆتایی دادپەروەری، ئەمە ماڵئاوایی نییە بەڵکوو چاوپێکەوتنێکی گەورەیە، ئێوە لە کاتی تەنگانەدا و لە خەم و شاییەکاندا لە گەڵ ئێمە بوون، ئەمڕۆ کۆتایی قۆناغێکە بەڵام ڕوبەڕوی قۆناغێکی نوێ بووینەتەوە کە پێویست بە خەبات و هەنگاوی بەهێز دەکات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستمان بە هەوڵ و تێکۆشان و هەڵوێست هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دۆسیەی تەقینەوەی بەندەری بەیروت وتی کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری نایەوێت دادوەرێک بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەو کەسە بێ تاوانانەی لە دۆسیەی بەندەری بەیروت دەستبەسەر کراون، دەستنیشان بکات.
سەرۆک کۆماری پێشووی لوبنان سەبارەت بە ڕێکەوتنی دیاریکردنی سنوری دەریایی لە گەڵ فەڵەستینی داگیرکراو وتی: دیاریکردنی سنوری دەریایی ئەو دەرفەتە بە لوبنان دەدات کە سامانی نەوت و غازی خۆی بە دەست بێنێت و ئەمەش داهاتێک بۆ ڕزگاربوونی وڵاتی ئێمە دەبێت./.