بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ساڵح سدقیان سەبارەت بە دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی وتی: کابینەی نوێی عێراق لە ڕووی سیاسییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ کابینەکانی پێشوو نییە، لە بەر ئەوەی کە وەزیرەکان بە پێی هەمان سیستەمی پشکخوازیی لایەنەکان دەستنیشان کراون، بۆ نموونە، لە شێعەکان، کورد و سوننە لە پێکهاتەی کابینەی نوێدا دەبینرێن، هەر بۆیە هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی لەم کابینەدا بەراورد بە کابینەکانی ڕابردوو نییە. بەڵام سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق هەوڵی ئەوەیداوە کە کەسانی بەئەزموون و شارەزا وەک ئەندامانی کابینەکەی دەستنیشان بکات، بە واتایەکی دیکە محەممەد شیاع سودانی هەوڵی ئەوەی داوە کە کەسانی خاوەن دۆسیە لە کابینەکەیدا نەبێت و ئەو کەسانەی بوونەیە وەزیری کابینەی نوێ، ساڵەهایە لە وەزارەتەکاندا ئەزموونی کارکردنیان هەیە.
ناوبراو وتی: ئەم تایبەتمەندییە پیشاندەری گەشەی سیاسییە و دەبێت بوترێت کە پێکهێنانی وەها کابینەیەک وەک تروسکەی هیوایە لە عێراق، بۆ یەکەم جارە کە لە پێکهاتەی کابینەی عێراقدا ناوی سێ ژن دەبینرێت، ئەوان وەزارەتە هەستیارەکانی وەک دارایی و گەیاندنیان گرتووەتە ئەستۆ کە دەبێت وەک هەنگاوێک بەرەو پێشەوە سەیر بکرێت و لەو بڕوایەدام کە هەڵبژاردنی ئەو ژنانە دەتوانێت سەقامگیری و ئارامی بۆ وەزارەتەکان بگەڕێنێتەوە. لە هەلومەرجی ئێستای عێراق، دۆسیەی زۆر بەپەلە و گرنگ بە تایبەت لە بواری جێبەجێکاریدا هەیە، وەک ئابوری و سیستەمی کارگێڕی، هەروەها گەندەڵی لەم وڵاتەدا بووەتە دیاردە، بۆ نموونە، لە حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی نزیکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دیار نەماوە و پێویستە بڵێین کە ئەم گەندەڵییە ئازاری گەلی عێراق دەدات و کاریگەریی لە سەر ژیانی ئەوان داناوە.
ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری ناوچەکە وتی: هەوڵەکانی سودانی دەبێت لە سەر بنەمای دەستپاکیی وەزیرەکانی بێت، لە بەر ئەوەی کە عێراقی ئێستا بە دەست گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، ئەوەی کە سەرۆک وەزیران داوایکردووە کە وەزیرەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن بۆ ئەم مەبەستە دەگەڕێتەوە. خاڵی دیکە ئەوەیە کە هیچ یەک لە وەزیرانی کابینەی نوێ بە فەرمی لە ڕەوتی سەدر نین بەڵام ڕەنگە کەسانێک بوونیان هەبێت کە لەو ڕەوتەوە نزیک بن و پەیوەندییەکانیان ئاشکرا نەکەن.
محەممەد ساڵع سدقیان لە کۆتاییدا وتی: سەدر لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تا کۆتا قۆناغ – شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی سەوز – شکستی هێنا و ئەوەی کە دەوترێت وەک هەڕەشەیە لە سەر کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی، لەو بڕوایەدا نیم. بە گشتی کێشەکانی بەردەم ئەم کابینەیە گەندەڵی و کارگێڕییە. عێراقییەکان لەم گەندەڵییە ماندوون و ئەگەر سەرۆک وەزیرانی نوێ بتوانێت هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە هەڵبگرێت بێگومان دەبێتە دەسکەوت و سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ناوبراو و بە گشتی بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان، لە بەر ئەوەی کە لە عێراق یاسایەکی ئەوتۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نییە و لە لایەکی دیکەوە پشکخوازی و بەرژەوەندیخوازی کوتلە و لایەنەکان دەرفەتی وەها هەنگاوێک نادات./.