بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی پیرۆزی شەهیدانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شیراز، وتی: پیلانگێڕی و ئاڵۆزییەکان بەرهەمی ڕژێمی زایۆنیستییە، ئەو ڕژێمە لە ماوەی 43 ساڵی ڕابردوو شکستی گەورەی لە گەلی ئێران بەرکەوتووە. گەلی ئێران ئەمریکایان بە شکست و سەرشۆڕی لە وڵات کردە دەرەوە و کاتێک بنکەی سیخوڕیی ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵ کرد ئەوەیان پیشاندا کە ئەمریکا هیچی پێناکرێت.
ناوبراو وتی: لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی عێراق لە دژی ئێرانیش کاتێک گەل هاتنە گۆڕەپانی شەڕەکەوە و گەنجان سنگی خۆیان کردە قەڵغانی بەرگری لە وڵات، شکستێکی دیکە بە سەر ئەمریکادا سەپێندرا و دیسانەوە ئەوە سەلمێندرا کە ئەمریکا هیچی پێناکرێت.
فەریق سەلامی وتی: کاتێک ئەمریکا سزا و گەمارۆی بە سەر ئێراندا جێبەجێ کرد، ڕێگری لە گەیاندنی دەرمان کرد، هەروەها ڕێگرییان لە هەناردە و هاوردە کرد، گەل وەڵامی ئەو وڵاتەی دایەوە و دووبارە ئەوەمان سەلماند کە ئەمریکا هیچی پێناکرێت. کاتێک شەهید سولێمانییان وەک قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر شەهید کرد بنکەی سەربازی ئەو وڵاتەمان لە عێراق کردە ئامانج و وەڵامیان نەبوو و ئەوەمان سەلماندەوە کە ئەمریکا هیچی پێناکرێت.
فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هۆشداریی بە سعوودیەکان دا و وتی کە ئەمریکامان بە دەیان شێوە تووشی شکست کردووە و بەم گەنجانی وڵاتەوە بۆ شەڕی ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی پووکاوی سعوودیە ئامادەین.
وتیشی کە تا دوایین دڵۆپی خوێن و کۆتا هەناسە بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران خۆڕاگری دەکەین و ئەو ئامانجە جوانانە مسۆگەر دەکەین، وەک چۆن کە لە ڕابردوودا ئەوەمان کردووە./.