بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە میانەی بەسەرکردنەوەی کارگەیەکی غاز لە پارێزگای حۆمس وتی کە دەتوانین وڵات لە زیانەکانی شەڕی تیرۆریزم ئاوەدان بکەینەوە.
ناوبراو وتی: کاتێک ئەم پرۆژەمان لە ساڵی 2009 کردەوە، لەو کاتەدا پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی بوو و وڵات لە ئاسایش و سەقامگیریدا بوو و سەرجەم بەشەکان بە ئاسایی بەرەوپێشچوونیان هەبوو. ئەمڕۆ بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەم پرۆژە و پرۆژەکانی دیکە بۆ ئێمە گرنگە. بەرزبوونەوەی نرخی غاز و سووتەمەنییەکانی دیکە، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانی دیکە و گرانی بووەتە دیاردە.
ئەسەد وتی کە ئەم دۆخە پێمان دەڵێت کە دەبێت پشت بە تواناکانی خۆمان ببەستین، وەک چۆنکە لە دەیەکانی ڕابردوو لە وەبەرهێنانی گەنم ئەو دەسکەوتەمان هەبوو، ئێستاش لە بواری وزەدا ئەو ورە و تێکۆشانەمان پێویستە.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی: ئەمڕۆ جیهان لەم بوارەدا ڕوبەڕوی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە بەڵام سەرەڕای بوونی کێشەکان، پەرە بە پرۆژەکان دەدەین، نەک تەنیا ئەوەی کە ڕووخاوە، بەڵکوو بەشی نوێ لەم کارگەیە زیاد کراوە، ئەمەش هەمان بابەتە کە وا دەکات وەبەرهێنانمان زیاد بکەین و کاریگەرییەکانی لە سەر ژیانی خەڵک بەرە بەرە ئاشکرا دەبێت، ئەگەر خودا یارمەتیدەر بێت لە مانگەکانی داهاتوو و ڕەنگە تا یەک ساڵی داهاتوو دۆخی ئێمە لە سەرجەم بوارەکاندا باشتر دەبێت و ئەمەش نەک تەنیا لە ئاسایشی هاووڵاتیان، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا لە خزمەتگوزارییەکان و ئابوریدا ڕەنگدانەوەی دەبێت./.