بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بۆ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ، پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەم شێوازەیە:
بە ناوی خودای گەورە
بەڕێز محەممەد شیاع سودانی
سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراق
بە سڵاو و ڕێزەوە
بە بۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بە دەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان دەکەم. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پاڵپشتیی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بە پشت بەستن بە دەنگی خەڵک کردووە و لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی برادەرانە لە گەڵ عێراق سەرجەم هەوڵەکانی بەکار دێنێت.
هیوادارین پەیوەندی برادەرانەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق لە ماوەی سەرۆکایەتی بەڕێزتان زیاتر لە پەیوەندی فەرمی، بە پێی خاڵە هاوبەشەکانی کەلتوری و کۆمەڵایەتی لە سەرجەم بوارەکاندا بەهێزتر ببێت. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ڕابردوو جەخت لە سەر ئیرادەی خۆی لە پێناو بەهێزتربوون و پتەوتربوونی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەکاتەوە و بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان ئامادەیی هەیە. بوونی عێراقێکی ئاوەدان، سەربەخۆ و بەهێز بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکی داهێنەرانە و ئەرێنی دەتوانێت لە مسۆگەربوونی ئاسایشی ناوچەکە کاریگەری هەبێت.
هیوادارین حکومەتی نوێی عێراق لە پێناو گەشە و ئاوەدانی سەرکەوتن بە دەست بێنێت و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا زیاتر لە ڕابردوو بەهێزتر ببێت./.