بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە جیهان گەورەترە لەو 5 وڵاتەی خاوەن مافی ڤیتۆن و دەبێت لە پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا چاکسازی بکرێت.
ناوبراو لە ڕێوڕەسمێکدا بە بۆنەی حەفتا و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بە دڵنیاییەوە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا سەرجەم وڵاتانی ئەندام خاوەن مافی یەکسانن و ئیرادەی هاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیشان دەدەن، بەهێز بکرێت.
ئەردۆغان جەختی لە سەر پێویستی چاکسازی لە پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردەوە و وتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوەڕوان دەکات ئەنجومەنی ئاسایش دیمۆکراتتر، شەفافتر، چالاکتر و وەڵامدەرەوەتر بێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لە بەرامبەر ئەو قەیرانانەی ڕۆژانە هەڕەشە لە گیانی هەزاران کەسی بێ تاوان دەکەن و هەروەها لە بواری دەستەبەرکردنی گەشەی بەردەوام لە جیهان، ڕۆڵی چالاکتری هەبێت./.