بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی موتەهەرنیا شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی سەبارەت بە دەست لە کار کێشانەوەی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتی: ترەس لە کاتێکدا بووە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە نەک تەنیا ئەم وڵاتە، بەڵکوو سیستەمی نێودەوڵەتی تووشی ناهاوسەنگییەک بوو کە بێگومان ئەم دۆخەش کاریگەریی لە سەر جیهان و ڕەوتە سیاسی – ئابورییەکان هەبووە. لە بەریتانیا پاش ماوەیەکی کەم لە سەرۆک وەزیرانیی لیز ترەس شاژنی ئەو وڵاتە کۆچی دوایی کرد و مردنەکەشی کاریگەریی لە سەر ناوبراو هەبووە و لە لایەکی دیکەوە دۆسیەی ئۆکرانیا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار. هەروەها لیز ترەس پلانێکی ئابوریی تایبەتی خستەڕوو و ئەمەش ڕەخنەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و لە ئاکامدا بووە هۆی دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری دارایی بەریتانیا.
ناوبراو وتی: ترەس هەوڵیدا بە دەستنیشانکردنی جێرمی هانت وەزیری دەرەوەی پێشووتری بەریتانیا وەک وەزیری دارایی لە ئاست و ڕێژەی ڕەخنەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمەش کاریگەریی نەبوو و لە ئاکامدا بە ناچار وازی لە پۆستەکەی هێنا. بۆریس جۆنسۆن لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا یاسای برێگزیتی جێبەجێ کرد کە دوو سەرۆک وەزیرانی پێشوو واتە دەیڤید کامێرون و ترێزا مەی پەراوێزیان خستبوو، هەروەها لە پرسی ڤاکسێنی کۆرۆنا کارنامەیەکی بەهێزی لە خۆی بە جێ هێشت و لە قەیرانی ئۆکرانیاش بەرەیەکی بەهێزی پێکهێنا و لە لیز ترەسیش هەر ئەم چاوەڕوانییە لای بەریتانییەکان هەبوو، بەڵام نەک تەنیا مسۆگەر نەبوو بەڵکوو وازی لە پۆستەکەشی هێنا.
موتەهەرنیا وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە لیز ترەس لە ماوەی 45 ڕۆژی سەرۆکایەتیدا خۆی و درووشمەکانی بۆ مسۆگەر نەکرا، هیچ هەواڵێکی ئەرێنی سەبارەت بە ناوبراو بڵاو نەکرایەوە و سەرەڕای بانگەشەی بۆ هەبوونی پلانێکی جیاواز لە ئاستی ناوخۆ و لە قەیرانی ئۆکرانیا بەڵام هیچی پێنەکرا. لە ئاکامدا کۆمەڵە هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکی بوونە هۆی دەست لە کار کێشانەوەی.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە هەروەها وتی: لیز ترەس لە لایەن پارتی پارێزگارانەوە وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا و ئەو پارتە دەیزانی کە چ توانایەکی هەیە و بڕیارە چ پلانێک بخاتەڕوو. هەر بۆیە بەشێک لەم شکستە ڕوبەڕوی ئەو پارتە دەبێتەوە. هەورەها دەبێت ئەوەش بوترێت کە پارتی کرێکارانیش دۆخێکی باشی نییە. لە بەریتانیای ئێستا سەرۆک وەزیرانێکی بەهێز بوونی نییە کە پێگەی جارانی ئەو وڵاتە لە ڕووی ناوخۆی و نێودەوڵەتییەوە بگەڕێنێتەوە. سەرۆک وەزیران دەبێت لە گەڵ شا ببێتە هێمای بەهێزبوونی بەریتانیا کە لە ساڵانی ڕابردوو ئەمە نەبینراوە./.