بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئابوریی ئەورووپا کە لە دەستی پەتای کۆرۆنا خۆیی بە ڕزگاربوو دەزانی، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاش بەرۆکی گرتەوە و قەیرانێکی جیدی و گەورەی تووشی هەر 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەورووپا کرد کە قەیرانی وزە گەورەترین قەیرانی بەردەم ئەوانە و دەتوانێت ساردترین و تاریکترین وەرزی زستانی بۆ ئەو وڵاتانە بە دواوە بێت.
بەرزبوونەوەی نرخی وزە، کاڵا سەرەکییەکان، ئاڵۆزییە سیاسی و ئابورییەکان، ئەو قەیرانانەیە کە لە سەر دەستی ئەو وڵاتانەی بانگەشە پێشەنگیی ئابوری و دیمۆکراسی دەکەن، هاتووەتە پێشەوە.
ئەورووپا لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، ئابوری خۆیی لاوازتر لە هەموو کاتێکی دیکە بینی و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاش گورزێکی کوشندەی دیکەی لەوان دا و سەرجەم هاوکێشەکانی بە ڕووی ئەواندا تێکدا. یەکێتی ئەورووپا کەوتە تەڵەی سزا و گەمارۆکانی ڕووسیاوە و کاتێک ڕوبەڕوی پچڕانی هەناردەی غازی ڕووسیا بوویەوە هیچ کات بیر لەوە نەدەکردەوە کە وەها قەیرانێک ببینێت.
ئاماری هەڵئاوسانی یەکێتی ئەورووپا خەراپترین دۆخی مێژوویی پیشان دەدات، تەنانەت شارەزایان پێشبینی ئەوەیان کردووە، هەڵئاوسان و کەمبوونی غاز کە لە زستاندا ڕوو دەدات دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتانە.
ئامادەکارییەکان بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە هەر لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و دانیشتووانی فەرەنسا وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر کەمبوون و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکان و کێشەی مووچە ڕژاونەتە شەقامەکانی پاریس و شارەکانی دیکە و لە درێژەدا ڕەنگە ناڕەزایەتییەکان وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش بگرێتەبەر.
تاریکترین زستانی ئەورووپا دەستیپێکرد
شارەزایان دەڵێن زستانە تاریکەکەی یەکێتی ئەورووپا لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی ئەورووپی توانای ئەوەیان نییە بەسراوەیی خۆیان بە هاوردەی نەوت و غاز تەواو بکەن، ئەگەرچی پلانی زۆریان لە سەر وزە پاک و خاوێنەکان داڕشتووە بەڵام لانیکەم زستانی ئەمساڵ بە تاریکترین زستانی ئەورووپا دادەنرێت.
قەیرانی وزە تەنانەت هەڕەشەی لە سەر یەکگرتوویی یەکێتی ئەورووپا داناوە، کاتێک ئەم یەکێتییە بڕیاریدا هاوردەی وزەی ڕووسیا ڕابگرێت یان نرخێکی بۆ دیاری بکات، هەندێک لەو وڵاتانە پاڵپشتییان لەمە نەکرد، ئەوان ڕایانگەیاند کە پێویستی خەڵکەکەیان بە وزە بۆ ڕێگری لە هەر ناڕەزایەتییەک گرنگترە و ڕەنگە ئەمەش زەنگی مەترسی لە سەر ئەو یەکێتییە بێت کە سەردەمێک شانازییان پێوە دەکرد، ئەڵبەت پێشتریش کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا داهاتوو و مانەوەی ئەو وڵاتانەی بە یەکگرتوویی ڕوبەڕوی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە.
ئەمە کۆتا تراژدیای بەردەم وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا نییە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زەبری خۆیی لە سەر ئەم 27 وڵاتە وەشاندووە، وشکەساڵییەکان و کەمبوونی ئاوی ڕووبارەکان بووەتە بەربەستێکی جیدی لە بەردەم گواستنەوەی دەریایی ئەوان. بە شێوازێک کە کەشتییەکان بۆ هاتووچۆی ئاسان لە ئاوە ئازادەکان تووشی کێشە و گرفت دەبن.
یەکێتی ئەورووپا هەروەها ڕوبەڕوی کێشەی جیدی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری بووەتەوە و بەراورد بە کۆمپانیا ئەمریکی و چینییەکان کە بە ڕکابەری ئەم یەکێتییە لە بواری ئابوریدا دادەنرێن، توانایەکی ئەوتۆیان نەماوە و کۆمپانیا گەورەکان یەکێتی ئەورووپا بۆ شوێنی چالاکی خۆیان هەڵنابژێرن، تەنانەت ئەم یەکێتییە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە میوانداری لە یەکێک لە 10 کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بکات./.