بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حۆسنا نەسر حوسێن نووسەری سوری لە یادداشتێکدا لە ڕۆژنامەی ” رای الیوم ” بە ناونیشانی ” پاراستنی سامانی گەلان و تاڵانکردنی لە لایەن ئەمریکا، ستراتیژ لە بەرامبەر ستراتیژ، ئایا ڕزگاربوون لە هەژمونی ئەمریکا بە ئازادکردنی ئەم سامانە دەست پێدەکات؟ ” ئاماژەی بە ستراتیژی نوێی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر هەژمونی ئەمریکا و بەکرێگیراوەکانی ئەوان داوە.
لەو یادداشتەدا هاتووە: دۆسیەی وزە بەردەوام بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە و لە هەمان سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە سعوودیە و پشکداربوونی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان لە پرۆسەی دۆزینەوەی نەوت لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس، واشنتن بەوە گەیشتبوو کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت هەژموونی بە سەر ئەم ناوچەیەدا هەبێت، لە بەر ئەوەی کە واشنتن لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانییەوە ئەرکی پاڵپشتی و دابینکردنی سەرچاوەکانی وزەی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە ئەستۆ گرتووە.
لە درێژەدا هاتووە: ئەگەرچی ئابوری بە بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، بەڵام پێکەوەبوون و نزیکبوونەوەی وڵاتان لە یەکتر کە بە پێی بارودۆخی نێودەوڵەتی بووە، وایکردووە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئاسانی و لە بوارەکانی وەک سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و … لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان بکەن.
بە بۆچوونی نووسەر، ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشەی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە سەر زەریاکانی نەوت و غاز و سامانەکانی دیکە خەوتوون، بە پێی ئەو بارودۆخە سیاسییە بەسراوەیە کە لەم وڵاتانەدا دەبینرێت، وایکردووە کە هەژمونی ئەمریکا بە سەر ناوچەکەدا ئاسان بێت.
بە پێی ئەو یادداشتە، وزە دەیان ساڵ بەر لە ئێستا، گرنگترین فاکتەر بووە کە ئەمریکا ستراتیژی دەرەوەی لە سەر ئەو بونیات ناوە تا پێگە و زاڵبوونی خۆی لە ناوچەی دەوڵەمەند بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە پێبدات و لەم ڕووەشەوە بنکە سەربازییەکانی خۆیی لە ناوچەکە لە نزیک سەرچاوەکانی وزە کردووەتەوە.
نووسەر لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: بەم هۆیەوە وە و ئاسایشی وزە وەک گرنگترین بابەت بۆ ڕۆژئاوا و جیهان بە گشتی ماوەتەوە، بەڵام ئەمریکا بە کردەوەی دوژمنکارانەی خۆی و شەڕ و دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتان بۆ دزین و تاڵانکردنی ئەم وزەیە لە جێی کڕینی، جیاوازیی لە گەڵ وڵاتانی دیکە هەیە و شەڕەکەی لە گەڵ عێراق تەنیا بۆ تاڵانکردنی وزەی ئەم وڵاتە بووە و یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەمریکا لە هێرشەکانی بۆ سەر عێراق سامانی دەوڵەمەندی وزەی ئەم وڵاتە بووە.
لەو یادداشتەدا هاتووە: لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی وزە بە شێوازێکی کەم وێنە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبینرێت، واشنتن درێژە بە دزینی سامانی وڵاتانی عەرەبی دەدات. لە باکوری سوریا ڕۆژانە کاروانە نەوتییەکان لە لایەن ئەمریکاوە تاڵان دەکرێن، لە کاتێکدا کە خەڵکی سوریا بە هۆی لە دەستدانی ئەم سامانە ستراتیژییەوە تووشی کێشە و گرفتێکی زۆر بوونەتەوە.
نووسەر جەختیکردووەتەوە: ئەمڕۆ بە هۆی گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کێشە و ئاڵۆزییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان کە بە هۆی لێکەوتەکانی قەیرانی وزەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بووە، جیهان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بۆ مانەوەی پێویستی بە وزەیە.
نەسر حوسێن ڕایگەیاندووە: گرنگترین گۆڕانکارییەک کە لە دۆسیەی وزەدا هاتووەتە پێشەوە، ئەوەیە کە ئاسایشی وزە و پاراستن و ڕێگری لە تاڵانکردنی لە لایەن داگیرکارانەوە بووەتە گەورەترین ناونیشانی ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکا، ڕۆژئاوا، ڕژێمی زایۆنیستی و بەکرێگیراوەکانی ئەوان لە ناوچەکە و ئەمەش هەمان ئەو ڕاستییەیە کە لە دۆسیەی داڕشتن و دیاریکردنی سنورە دەریاییەکانی لوبنان و فەڵەستینی داگیرکراو بینرا و ئەوەی کە چەکی خۆڕاگری چۆن بۆ بەرگری لەم مافەی لوبنان سەرکەوتنی بە دەست هێنا.
نووسەر لە درێژەدا بە ئاماژە بە هۆشدارییەکەی ئەمجارەی درۆنەکانی یەمەن لە دژی ئەو کەشتییەی کە بۆ تاڵانکردنی نەوتی ئەم وڵاتە هاتبووە کەناراوەکانی ئەم وڵاتەوە، ڕایگەیاندووە: ڕوبەڕوبونەوەیەکی گەورە لە یەمەن ڕووی داوە کە تێیدا سوپای ئەم وڵاتە هێڵی سووری داناوە تا ئاسایشی وزە وەک ئاسایشی نیشتمانی بۆ تەواوی یەمەن بناسێنێت.
ناوبراو جەختیکردەوە: کاتێک سوپای یەمەن ئەو کەشتییە کە بۆ دزینی نەوتی یەمەن هاتبووە کەناراوەکانی ئەم وڵاتە، ناچار بە پاشەکشە دەکات، پەیامێکی هۆشداری بەهێزە بەو وڵاتانەی هێرشیان کردووەتە سەر یەمەن کە ئەو دەستەی سامانی گەلی یەمەن تاڵان بکات، دەبڕێت.
نەسر حوسێن ڕایگەیاندووە: ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بێت، بەرەی خۆڕاگریش سیاسەتێکی ڕوونی داناوە کە ئێمە ڕێڕەوە ئاوییەکانی خۆمان دەپارێزین، سامانی وزە بۆ ئێمەیە و مافی خۆمانە کە بە هەموو هێزێکەوە پاراستنی لە ئەستۆی خۆمان بێت.
نووسەر لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە وزە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی داگیرکاریی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە، هەر بۆیە لە ئێستادا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم سیاسەت و ستراتیژەی ئەمریکا هاتووەتە پێشەوە. گرنگترین پرسیاریش ئەوەیە کە ئایا ستراتیژی نوێی بەرەی خۆڕاگری بۆ پاراستنی وزە دەگاتە ڕزگاربوون لە هەژمونی ئەمریکا و پاشان دەرکردنی لە ناوچەکە؟/.