بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لە سەر سەردانە 12 ڕۆژەکەی ڕێچارد بێنت ڕیپۆرتێری تایبەتی ئەم دامەزراوەیە بۆ کاروباری ئەفغانستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە بێنت لە سەردانەکەیدا بۆ ئەفغانستان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەم وڵاتە هێشتا تووشی قەیرانێکی جیدییە و بۆ ڕێگری لە تێکچوونی زیاتری دۆخەکەش، هەنگاوی بەپەلەی سەرجەم لایەنەکان بە پێویست دادەنرێت.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانەکەیدا بۆ ئەفغانستان لە گەڵ زۆربەی لایەنەکان وەک لایەنگرانی مافی مرۆڤ، گرووپەکانی بەرگری لە مافی ژنان، قوربانیانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پەیامنێران، ژنانی بازرگان، زانایانی ئائینی، نوێنەرانی کەمینەکان و هەروەها لە گەڵ نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم وڵاتە کۆبووەتەوە.
ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ویلایەتەکانی کابوڵ، بامیان و پەنجشێری بەسەرکردەوە و بەرپرسانی خۆجێی، کەسایەتییەکانی کۆمەڵگا، چالاکوانان و پەیامنێران نیگەرانییەکانی خۆیان لە گەڵ ئەودا باس کردووە.
بێنت هەروەها نەخۆشخانەکانی کابوڵ و پەنجشێر و گرتووخانەکانی بەسەرکردووەتەوە.
بە وتەی ڕیچارد بێنت، دۆخی مرۆڤدۆستانە لە ئەفغانستان هێشتا نالەبارە و لە ڕووی ئەمنیشەوە دۆخێکی سەقامگیر نابینرێت./.