بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاشم ئەلکەندی شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی لە عێرق سەبارەت بە دوایین دۆخی سیاسی لەم وڵاتە بە تایبەت لە پاش هەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی محەممەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، وتی: لایەنە سیاسییەکان لە جێی ئەوەی کە هەوڵی ڕێکەوتن بدەن، بەو ڕاستییە گەیشتوون کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بابەتێکی زۆر گرنگترە. هەر بۆیە لە پاش گۆڕانکارییەکانی پەرلەمان و دەست لە کار کێشانەوەی سەدرییەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی پێکهێنا و کاندیدی سەرۆک وەزیرانیشی دەستنیشان کرد. بۆ ئەمەش پێویست بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بوو تا کاندیدی دەستنیشانکراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕابسپێرێت. لایەنە کوردییەکانیش لە پاش چەندین مانگ کاندیدی خۆیان دەستنیشان کرد و بەم شێوازە هەڵبژاردنی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە تەواو بوو کە لەم هەلومەرجەدا زۆر گرنگ و هەنگاوێکی سیاسی ووشیارانە بووە، بە شێوازێک کە ئەو بارودۆخە نالەبارەی نێوان کاندیدی دوو پارتە کوردییەکە نەما و هەلومەرجێکی دۆستانە بە سەر کەشی سیاسی عێراقدا زاڵە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و بەرەوپێشچوونەکان لەم بوارەدا، وتی: لە ئێستادا گەورەترین بەربەست بۆ پێکهێنانی کابینە نوێ چارەسەر کراوە و ناوی کاندیدی وەزارەتەکانیش دەستنیشان کراون و هەروەها پشکی لایەنەکان ڕوون بووەتەوە و تەنیا یەک بابەت ماوە ئەویش ناردنی ناوی کاندیدی وەزارەتەکانە بۆ پەرلەمان.
ئەلکەندی وتی: پێشبینی ئەوە دەکرێت حکومەتی نوێی عێراق بە پێی ئەوەی کە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پاڵپشتی دەکرێت، سەرکەوتوو بێت. سەبارەت بە حکومەتی نوێ لە ئاستی ناوخۆی عێراق کۆدەنگییەک هەیە و ئەو هاوپەیمانییەش کە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی دەستنیشان کردووە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە خۆ دەگرێت و لانیکەم دوو لە لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان تێیدا بەشدارن، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێ و سەرکەوتنی.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە لە درێژەدا وتی: لە لایەکی دیکەوە بەرنامەکانی محەممەد شیاع سودانی بۆ حکومەتی نوێ لە لایەن فراکسۆنەکانی پەرلەمانەوە پێشوازیی لێکراوە کە بە هەندێک چاکسازی بچووکەوە لە کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە بە ئەندامانی کابینە، پەسەند دەکرێت. ئەم حکومەتە بە خێرایی بەرنامەکانی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێدەچێت لە زووترین کاتدا بتوانێت ڕەزامەندی خەڵک تا ڕادەیەک مسۆگەر بکات کە بە ڕاستە ڕێگادا دەڕوات. ناونیشانی حکومەتی نوێش حکومەتی خزمەتگوزاری نیشتمانی دەبێت و ئەمەش بابەتێکی زۆر گرنگە و ئەگەر حکومەت بە پێی بەرنامە دیاریکراوەکان بەرەو پێش بڕوات، سەرکەوتوو دەبێت.
هاشم ئەلکەندی سەبارەت بە پێگەی جەماوەریی محەممەد شیاع سودانی وتی: هێشتا زووە سەبارەت بەو بابەتە قسە بکەین بەڵام دەتوانم بڵێم کە بە ڕادەیەکی باش قبووڵکراوی خەڵکە، ناوبراو بە هۆی ئەزموونی کارکردنی لە زۆربەی وەزارەتەکان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەتوانێت لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا سەرکەوتوو بێت. سودانی لە دەرەوەی وڵات نەژیاوە و ئەمەش ڕۆڵی گرنگی لە هەستکردن بە ئێش و ئازارەکانی خەڵکی عێراق دەبێت، کۆی ئەم بابەتانە پێمان دەڵێت کە سەرۆک وەزیرانێکی جیاوزمان دەبێت و ئەگەر لە بەرنامەکان بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خزمەتگوزاری بە خەڵک سەرکەوتوو بێت پێگە جەماوەرییەکەی بەهێزتر دەبێت و ڕێگای دووبارە گەیشتنەوەی بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاسانتر دەبێت./.