بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا نزیکە و کۆماریخوازەکان چاوەڕوان دەکەن سەرکەوتن بە دەست بێنن. هەڵبژاردنێک کە دەتوانێت کۆتایی بە زاڵبوونی دوو ساڵەی دیمۆکراتەکان بە سەر کۆنگرێسدا بێنێت، ئەوەش لە ئاکامی بانگەشەی دیمۆکراتەکان لە دژی کۆماریخوازەکان بە تایبەت دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا مسۆگەر کرابوو. ئێستا پێدەچێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرە بەرە لە بەهێزبوونەوەی کۆماریخوازەکان نزیک ببێتەوە. ئەمجارە کۆماریخوازەکانن کە بایدن بەوە تۆمەتبار دەکەن کارنامەیەکی لاوازی هەبووە.
بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆخەش ماڵپەڕی دیپلۆماسی ئێرانی لە گەڵ مایک هاوڵ ئەندامی پارتی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا وتووێژی کردووە کە دەقی وەرگێڕانەکەی لە لایەن جام کوردییەوە لە درێژەدا هاتووە:
لە دوو ساڵی ڕابردوو جیهان کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لە قەیرانی ئۆکرانیا تا قەیرانی جیهانیی وزە و پاشەکشەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت عێراق و ئەفغانستان تا زیاتربوونی دوژمنایەتی نێوان واشنتن و پەکین. تێڕوانینی ئێوە لە سەر کارنامەی حکومەتەکەی جۆبایدن چییە؟
من ئەندامی پارتی ڕکابەری سەرۆک کۆماری ئەمریکام و ئاساییە کە بۆچوونەکانم لە دژی ئەو بێت، لە بەر ئەوەی کە دەمەوێت پارتەکەی خۆم لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بە دەست بێنێت و دیسانەوە دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت. هەر بۆیە تێڕوانینی من بەدەر لەوەی کە گوزارشت لە بۆچوونەکانی خۆم دەکات بە هەمان شێوە بۆچوونی پارتەکەشم لە خۆ دەگرێت. بەڵام بەدەر لەمەش، ئەگەر بمەوێت لە سەر کارنامەی سەرۆک کۆمار جۆبایدن شتێک بڵێم، ئەو لە بواری ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە سەرکەوتنی نەبووە، هەر بۆیە ئێمە لە پارتی کۆماریخوازەکان هەوڵ دەدەین دەسەڵاتی دیمۆکراتەکان و بایدن شکست بێنێت و ئەوەی شیاوە بگاتە دەسەڵاتی ئەمریکا.
ئاماژەتان بە بواری ئابوری داوە، بەڵام دوناڵد ترەمپیش بەو هەموو بانگەشەوە لە سەر کارنامەی حکومەتەکەی، لە کۆتاییدا بە هۆی ئابورییەوە شکستی هێنا، بۆ وا دەزانن کە کارنامەی ئابوریی جۆبایدن باش نەبووە؟
ئەگەر کارنامەی دوناڵد ترەمپ لاواز بووە، کارنامەی جۆبایدن زۆر لاوازترە. لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە لە سەدا 80، لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی بایدن ڕێژەی فەرمی هەڵئاوسان بە لە سەدا 8 تا 10 ڕادەگەێنێت، واتە درۆیەکی ئاشکرا. هەروەها ڕێژەی سەرمایەگوزاری لە ئەمریکا دابەزینی بەرچاوی تۆمار کردووە. ڕێژەی گەشەی ئابوری ئێمە لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ، تا پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، زۆر باش بووە و گەیشتە ڕێژەیەکی کەم وێنە بەراورد بە دوو دەیەی ڕابردوو، بەڵام ئێستا ڕێژەی گەشەی ئابوری ئەمریکا زۆر دابەزیوە، نرخی بەنزین و وزە لەم دوو ساڵەدا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە، هەر بۆیە ناتوانین بەرگری لە کارنامەی ئابوری بایدن بکەین.
بۆچوونی ئێوە لە سەر دیپلۆماسی چییە؟ هەندێک لەو بڕوایەدان کە بایدن لە شەڕی ئۆکرانیا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە دەسکەوتی گرنگ بۆ ئەمریکا مسۆگەر بکات.
سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکە، دەبێت بڵێم کە بایدن پەیوەندی لەمێژینەی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهانی تێکداوە، بۆ نموونە لە گەڵ سعوودیە هێندە لاواز بووە کە ڕیاز ئەو توانایە لە خۆیدا دەبینێت لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بڕیار بدات. ئەمە خاڵی لاوازی حکومەتەکەی بایدنە کە هەندێک وڵات بەو بڕوایە گەیشتوون کە ئەمریکا لاوازە و دەتوانن زیان بەو بگەێنن. سەبارەت بە ئێرانیش دەتوانم بڵێم کە سیاسەتەکانی شکستی هێناوە، تەنانەت لەوەشدا سەرکەوتوو نەبووە کە ڕێکەوتنی ناوەکی زیندوو بکاتەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تارانیش زیاتر بووە. لە شەڕی ئۆکرانیاش کە بەشی دووەمی پرسیارەکە بووە، ئێمە لە پارتی کۆماریخوازەکان لەو بڕوایەداین سیاسەتی هەڵەی حکومەتەکەی بایدن بووە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕەکە و ئەگەر حکومەتی کۆماریخوازەکان لە سەر دەسەڵات دەبوو، وا هەڵسووکەوتی دەکرد ڕووسیا توانای ئەو هێرشانەی نەبێت. ئێستا نەک تەنیا ئاسایشی ئەورووپا، بەڵکوو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکاش مەترسی لە سەرە و ڕەنگە بە ناچار ڕوو لە دەستێوەردانی سەربازی بکات./.