بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەلیل ئەلحیە بەرپرسی پەیوەندییە عەرەبی و ئیسلامییەکانی بزوتنەوەی حەماس و جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە لە غەززە، وتی: حەماس بڕیاری گەڕانەوەی بۆ دیمەشق داوە و هیچ ترسێکی لەمەش نییە و لە قۆناغی داهاتوو هاوئاهەنگی ئەمنی و سیاسی لە نێوان لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگری، ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بەهێزتر دەبێت.
ناوبراو وتی: دانوستان بۆ کردنەوەی نووسینگەی حەماس لە دیمەشق بە ئارامی و جیدی بەرەو پێش دەڕوات و لە داهاتووشدا بۆ ئەم مەبەستە چەندین کۆبوونەوە دەکرێت.
ئەلحیە وتی: بڕیاری گەڕانەوە بۆ سوریا بە پێی ئیرادەی هێزەکانی خۆڕاگری و بڕوای ئەوان بە ئامانجەکانی فەڵەستین گیراوەتەبەر.
ئەو بەرپرسەی حەماس بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی شاندێکی باڵای لایەنەکانی فەڵەستین لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، وتی: سەرۆک کۆماری سوریا بە گەرمی پێشوازیی لەو شاندە کرد و کەشی ناو کۆبوونەوەکەش دڵنیایی ئەوەیدا کە هەلومەرجەکە لە داهاتووشدا بە باشی بەرەو پێش دەڕوات.
ناوبراو وتی کە بڕیاری گەڕانەوە بۆ سوریا بڕیارێکی ناوخۆیی حەماس بووە و پێویست بە ڕاوێژی تورکیا و قەتەر نەبووە، شتێک بۆ شاردنەوە نییە، ئەمە بڕیاری خۆمان بووە./.