بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش شکستی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی (مۆساد) بۆ تەقاندنەوەی ناوەندێکی گرنگی پیشەسازی لە ئەسفەهان کە دەستبەسەرکردنی سەرجەم ئەندامانی ئەو تیمە تیرۆریستییەی بە دواوە بووە، مۆساد پاش دوورخستنەوەی بەرپرسی دۆسیەی ئێران، لانیکەم 6 ئەفسەری باڵای پەیوەندیداری بە تۆمەتی پەیوەندی لە گەڵ وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە بە شێوازی جۆربەجۆر کوشتووە.
” ئۆمەر ئیکس، ئایالۆن شاپیرا، شارۆن سماڵ، شایلی وێستلاند، ئۆفێک ئاهارۆن و ئیتامار ئەلحەرر ” ناوی ئەو 6 ئەفسەرەن کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لە گەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی مۆساد کوژراون.
ڕژێمی زایۆنیستی مردنی ئەو 6 ئەفسەرەی پشتڕاست کردووەتەوە.
هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بەدەر لەو 6 کەسە، چەند ئەفسەرێکی دیکەش هەر بەم تۆمەتەوە، لە لایەن مۆساد و بە شێوازی جۆربەجۆر بە تایبەت ڕووداوی هاتووچۆ کوژراون کە ژمارە و چارەنووسی ئەوان دیار نییە.
زایۆنیستەکان ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری مردنی شارۆن سماڵ ی تەمەن 42 ساڵە و شایلی وێستلاند ی 21 ساڵە جەڵتە بووە و هەروەها بانگەشەی ئەوەشیان کردووە کە ئۆفێک ئاهارۆن ی 26 ساڵە و ئیتامار ئەلحەرر ی 28 ساڵەش لە میانەی شەڕ و پێکدادانێک بە گوللە کوژراون.
مۆساد کە ئاشکرابوونی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکەی بە شکست و ڕیسواییەکی گەورە بۆ خۆی دەزانی، بە تێڕوانینی خۆی و بۆ ڕێگری لە بەهێزبوونی دەستڕۆیشتوویی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، بە ناچار ڕووی هێنایە سڕینەوەی سەرجەم ئەو ئەفسەرانە تا ڕەنگە بتوانێت کەسانی دیکە و پەیوەندییەکانیان بپارێزێت.
بە پێی زاڵبوونی تەواوی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بە سەر چالاکییەکانی مۆساد لە ناوچەی ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دیار نییە کە پووچەڵکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی مۆساد و دەستبەسەرکردنی سەرجەم ئەندامانی تیمەکەی لەو وڵاتەش بە دواوە بووە، بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری مالیزیا لە گەڵ وەزارەتی هەواڵگری ئێران بووە یان نە؟
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕاپۆرتەکەی بۆ ئاژانسی تەسنیم ی ئێران پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە مۆساد قەد بیری لەوە نەکردووەتەوە کە دەزگای دژە سیخوڕیی لە وەزارەتی هەواڵگری ئێران هەر لە کاتی داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ تەقاندنەوەی ناوەندە پیشەسازییەکەی ئەسفەهان ئاگاداری جموجوڵەکانی ئەوان بووە و ئەم زاڵبوونەش هەر لە سەرەتاوە تا کاتی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ئەو تیمە تیرۆریستییە بەردەوام بووە، ئەوان بۆ ڕێگری لەم پێگە و دەستڕۆیشتوویەی وەزارەتی هەواڵگری ئێران، بەرپرسی دۆسیەی ئێرانیان لە پۆستەکەی دوور خستووەتەوە بەڵام ناتوانن ڕێگری لە شکستەکانیان بکەن.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە مۆساد بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی ڕووی هێناوەتە پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە بەڵام ئەو پیلانەش شکستی هێناوە./.