بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتیکردەوە کە ئەم وڵاتە بۆ شەڕی ئۆکرانیا درۆنی بە ڕووسیا دابێت و وتی کە ئەم پڕوپاگەندەیە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیاری 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە نییە.
لە پاش کۆبوونەوەی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە سەر داوای ئۆکرانیا و بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێدانی درۆنی ئێرانی بە ڕووسیا و بەکارهێنانی لە شەڕی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، ئیروانی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیاوە ڕوون و ئاشکرا بووە و بەردەوام جەختی لەم هەڵوێستەش کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت بە پێی یاسای نێودەوڵەتی خاوەن دەسەڵات، سەربەخۆیی، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی خۆیان بن.
ئیروانی وتی: ئێران وەک وڵاتێک کە ئەزموونی 8 ساڵ شەڕی سەپێندراوی هەیە، بەردەوام پاڵپشتیی لە ڕاگرتنی بەپەلەی شەڕی ئۆکرانیا و ئاشتیی کردووە و داوای لە لایەنەکان کردووە واز لە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بێنن و لە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەدا کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەن.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها وتی کە تۆمەتبارکردن و پڕوپاگەندەی هەندێک وڵات سەبارەت بە ناردنی درۆن بۆ ڕووسیا و بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکرانیا ڕەتدەکەینەوە.
وتیشی کە هەندێک وڵات بە پڕوپاگەندەی سیاسی و شەڕی میدیایی و دەروونی هەوڵ دەدەن خوێندنەوەیەکی هەڵە لە بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن، لە کاتێکدا ئەم پرسە هیچ پەیوەندییەکی بەو بڕیارەوە نییە./.