بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میک ڤاڵاس نوێنەری کۆماری ئیرلەندا لە پەرلەمانی ئەورووپا لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە 19 ی تشرینی یەکەمی ئەم دامەزراوەیە، هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی، ڕژێمی زایۆنیستی، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی ئیدانە کرد.
ناوبراو شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان، شەڕی یەمەن و هەروەها شەڕی ڕۆژانەی لە دژی فەڵەستینییەکان بە تیرۆریزم ناو برد.
ڤاڵاس هەروەها شەڕی ڕووسیای لە دژی ئۆکرانیا ئیدانە کرد و وتی: شەڕێک کە بووەتە هۆی ترس و تۆقاندنی خەڵکی ئۆکرانیا، کردەوەیەکی تیرۆریستییە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا و ناتۆ بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەفغانستانیان بۆردومان کرد و چەند سەد هەزار کەسیان کوشت و ملیۆنان کەسیان ئاوارە کرد، ئەنجامی توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پیشان دەدات کە لە سەدا 45 ی قوربانییەکانی هێرش و بۆردومانەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان منداڵان بوون.
نوێنەری ئیرلەندا لە پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها شەڕی ئەمریکا لە عێراق و شەڕی ڕۆژانەی ڕژێمی زایۆنیستیی لە دژی فەڵەستینییەکان بە نموونەی تیرۆریزم ناو برد و وتی: کاتێک فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە سعوودیە و ئیمارات لە دژی یەمەن پڕچەک دەکەن و ئەو هەموو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە لەوێ دەکرێت و بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 400 هەزار کەس کوژراون و 16 ملیۆن کەسیش ڕوبەڕوی برسێتی بوونەتەوە، ئایا ئەمە تیرۆریزم نییە؟
میک ڤاڵاس لە کۆتاییدا بەرامبەر بە ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا وتی: ئێوە کەی لە خەو هەڵدەستن و ژیانێکی ڕاستەقینە لە جیهاندا دەست پێدەکەن؟/.