بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ گۆردان گرلیچ ڕادمەن وەزیری دەرەوەی کرواتیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆخی ناوچەکە و جیهانی تاوتوێ کرد و هەر دوو لا جەختیان لە سەر پتەوکردنی هاوکارییەکان کردەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئۆکرانیا و پڕوپاگەندەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە، سەبارەت بەوەی کە درۆنی ئێرانی کە ساڵانێک بەر لە ئێستا بە ڕووسیا دراوە، لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا بەکار هێنراوە، وتی: ئێمە بە جیدی دژی شەڕ و پڕچەککردنی هەر دوو لایەنی شەڕەکەین و بە بەرپرسانی ئۆکرانیا ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر سەبارەت بە بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی بەڵگەیەکتان هەیە، بیخەنەڕوو.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە ساڵەهایە لە گەڵ ڕووسیا لە بواری سەربازی و بەرگری هاوکاریمان هەیە بەڵام هیچ چەکێکی ئێرانی بۆ شەڕی دژ بە ئۆکرانیا بەم وڵاتە نەدراوە./.