بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی چوارشەممە 19 ی تشرینی یەکەمی 2022 شاندێک لە سەرکردە و نوێنەرانی گرووپە فەڵەستینییەکان سەردانی سوریایان کرد و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆک کۆماری سوریا ڕایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەدا ئەنجامی وتووێژی لایەنە فەڵەستینییەکان لە جەزایر و پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی تاوتوێ کرا.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بە ئاماژە بە وتووێژی لایەنە فەڵەستینییەکان لە جەزایر وتی کە گرنگی وتووێژەکە بە هۆی ئەوەیە کە بووەتە هۆی یەکڕیزی گرووپە فەڵەستینییەکان و ئەم یەکڕیزییەش سەرەتایەک بۆ خزمەتکردنی فەڵەستینە.
سەرۆک کۆماری سوریا یەکڕیزی گرووپە فەڵەستینییەکانی بە هۆکاری بەهێزبوونیان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و وەرگرتنەوەی مافەکانی ئەوان ناو برد و وتی: سەرجەم هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی پرسی فەڵەستین لە ویژدان و بیری جیلەکانی نوێ لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت فەڵەستین شکستی هێناوە.
بەشار ئەسەد وتی کە ڕووداوەکانی ئێستای فەڵەستین پیشان دەدات کە جیلەکانی نوێ بەردەوام پابەندی خۆڕاگرییە و سوریاش سەرەڕای ئەو شەڕەی کە بەرۆکی گرتووە، هەڵوێستی بۆ پاڵپشتیکردنی خۆڕاگری نەگۆڕاوە و ئەمەش بە هۆی بڕوای بەهێزی گەلی سوریایە بە خۆڕاگری.
ناوبراو وتی کە بەرژەوەندی سوریا لەوەدایە کە لە گەڵ خۆڕاگری بێت، خۆڕاگری بنەمایەکە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکان و سوریاش وەک سەردەمی پێش شەڕ لە بەرەی خۆڕاگریدا دەمێنێتەوە.
ئەندامانی شاندەکەی فەڵەستینیش سوریایان وەک بەشێکی بەهێزی خۆڕاگری ناو برد و وتیان کە گەل و گرووپە فەڵەستینییەکان ئاگاداری ڕۆڵ، گرنگی، پێگە و تێکۆشانی سوریان و دەزانن کە سوریا لە ڕووی مێژووییەوە قەڵایەک بووە کە لە ڕۆژگارە دژوارەکاندا پەنای فەڵەستینییەکان بووە./.