بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەرەنجامی توێژینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە کە ئەگەر مرۆڤ بۆ ماوەی چەند شەوێک نەخەوێت مەترسی مردنی لە سەرە.
کەمخەوی دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەک دڵ، شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییە دەروونییەکان.
مرۆڤی گەورە پێویستی بە لانیکەم 8 کاتژمێر خەوتن هەیە بۆ ئەوەی کە جەستە و دەروونێکی تەندرووستی هەبێت.
خەوتن بۆ یادەوەری گرنگە. لە کاتی خەوتندا زانیاری وەرگیراو ڕێکدەخرێتەوە و چارەسەر دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ بەشی یادەوەری لە مێشک.
لە کاتی خەودا سیستەمی بەرگری دەماری چالاک دەبێت و مێشک ڕزگار دەکات لەو مادە ژەهراوییانەی ڕۆژانە لە مێشک درووست دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک زەهایمەر.
خەوتن بۆ بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستە گرنگە. توێژینەوە پزیشکییەکان باس لەوە دەکەن کە نەخەوتن تەنیا لە یەک شەودا وا دەکات کە خانەی بەرگری لە جەستە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ببێتەوە.
لە ئێستادا بە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و هەروەها بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە زۆربەی خەڵک بە پێی پێویست ناخەون، بە تایبەت چینی گەنج، ئەمەش کاریگەری زۆری لە سەر توانای فێربوون و زیرەکی و تەندرووستی هەیە.
بە هۆی ئەوەی کە کەمخەوی لە زۆربەی وڵاتاندا بووەتە دیاردە و کاریگەری زۆری لە سەر جەستەی مرۆڤەکان هەیە، پێویست بە هەڵمەتی ووشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا لەم دیاردە و مەترسییەکانی هەیە./.