بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولسەمەد کەبیسی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک وتی کە ئەم فڕۆکەخانەیە بەدەر لە خزمەتگوزاری گشتی بە خەڵک، ساڵانە دەتوانێت بۆ گەشتی حاجییەکان و هەروەها بۆنەکانی دیکە پێشوازی لە خەڵک بکات.
کەبیسی وتی کە کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکوک خزمەتێکی گەورەیە بە دانیشتووانی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، دیالە و نەینەوا و هەروەها پارێزگای کەرکوک.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک ڕۆژی یەک شەممەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن شبلی وەزیری گواستنەوەی عێراق کرایەوە.
پرۆژەی درووستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک سەرەتای ساڵی 2019 دەستیپێکرد و لە شوباتی ساڵی 2021 کۆتایی هات بەڵام کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بە هۆکاری تەکنیکی دواخرا.
کردنەوەی ئەم فڕۆکەخانەیە لە ڕووی دابینکردنی هەلی کارەوە دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت، لە بەر ئەوەی کە دانیشتووانی کەرکوک بۆ گەشتە ئاسمانییەکان زیاتر کەڵکیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وەردەگرت.
عێراق فڕۆکەخانەی زۆری هەیە و تەنیا 5 فڕۆکەخانەی بە نێودەوڵەتی کراوە کە بریتین لە بەغدا، نەجەف، بەسرە، هەولێر و سلێمانی.
فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق وەک زیقار و موسڵ تەنیا بۆ گەشتە ناوخۆییەکان بەکار دێت، لە پارێزگای ئەنباریش پرۆژەی درووستکردنی فڕۆکەخانەیەک خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە دەوترێت بەشێکی بۆ گواستنەوەی بار دەبێت./.