میدیاکانی سعوودیە و ئەوانەش ناڕاستەوخۆ بە بودجەی ئەم وڵاتە کار دەکەن، لە ماوەی ڕابردوو بە پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییە ناوخۆییەکانی ئێران ئەوەیان پیشان داوە کە لە سیاسەتی دوژمنایەتی ئەمجارەیان لە دژی گەل و کۆماری ئیسلامی ئێران جیدی و چالاکتر هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە.
ئەگەرچی دوژمنایەتی و دەستێوەردانەکانی ڕژێمی سعوودیە لە دژی ئێرانی ئیسلامی مێژوویەکی زۆری هەیە بەڵام سیاسەت و دوژمنایەتی بن سەلمان و دەسەڵاتدارانی سعوودیە بە تایبەت لەم هەلومەرجەدا بابەتێکی نوێ و هەوڵێکی کەم وێنەیە و میدیاکانی سەر بە سعوودیە وا دەزانن کە خەونەکەی بن سەلمان بۆ پەلکێشکردنی قەیرانەکان بۆ ناوخۆی ئێران بەدی هاتووە.
شای سعوودیە تەمەنێکی زۆری هەیە و بن سەلمانیش هێشتا بەو عەقڵیەتەی بۆ حوکمڕانی پێویستە، نەگەیشتووە، ئەمەش ڕەنگە کاریگەریی لە سەر ئەم تێڕوانین و سیاسەتەی ئێستای ڕیاز لە بەرامبەر ئێران هەبێت. ئەم دوو هۆکارە هێندە شا و جێنشینی سعوودیەی تووشی تێنەگەیشتن کردووە کە ڕاستییەکانی ناوچەکە و هەروەها دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەیان لە بەرچاو ناگرن و سیاسەتی خۆیان بۆ دوژمنایەتی ئێران بە تایبەت لە ڕووی میدیاییەوە چڕ کردووەتەوە.
بەرپرسانی سعوودیە لەم هەلومەرجە نوێیەدا هێندە لە جیهانی ڕاستییەکان دوور کەوتوونەتەوە و لە جیهانی خەونەکاندا ژیان بە سەر دەبەن کە شای ئەم وڵاتە کە بە کردەوە لە حوکمڕانی دوور کەوتووەتەوە و بە هۆی کێشە و نەخۆشییەوە لە شتێک تێناگات، بۆ خوێندنەوەی وتارێک لە دژی ئێران ڕاسپێردرا و لەو وتارەدا داوای لە ئێران کرد بۆ بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە، هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بکات و هەوڵی بە دەست هێنانی متمانەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بدات.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کارنامەی میدیایی سعوودیە لە دژی ئەم وڵاتە هۆشداریی دا و داوای لە بەرپرسانی سعوودیە کرد کە میدیاکانی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن. لە هەمان کاتدا خاڵە لاوازەکانی ئەو ڕژێمەی باس کرد و جەختیشیکردەوە کە ئەگەر هەنگاوی بەپەلە و کرداری لەم بوارەدا هەڵنەگیرێت دووکەڵەکەی بە چاوی بەرپرسانی سعوودیدا دەچێت.
وتەیەکی زۆر بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت ئەوەی ماڵەکەی لە شوشە بێت بە بەرد هێرش ناکاتە سەر کەسی دیکە. ڕەنگە بەرپرسانی سعوودیە لە پێگەی لاوازی خۆیان لە ناوچەکە و لە دۆسیە جۆربەجۆرەکاندا تێنەگەن، یان نەزانن کە لە سیاسەتی نەوتیدا چییان لێهاتووە، ئەوان وا دەزانن کە بە پارەی نەوت هەموو شتێک تەواو دەبێت.
ئەوەی یەمەنییەکان لە دژی سعوودیە کردوویانە، ئەو هەموو شکستەی بەرۆکی ڕژێمی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی گرتووە، ئەو هەموو هێرشە مووشەکییە کراوەتە سەر سعوودیە و پێگە ئابوری و سەربازییەکانی، پیشان دەدات کە سعوودیە چەندە لاوازە و هیچی پێناکرێت. ئەو ئاگربەستەش لە نێوان سعوودیە و ئەنساروڵڵای یەمەن کراوە، هێندە کاریگەری نەماوە.
ئەڵبەت ڕەنگە ئەوەش بێت کە سعوودییەکان بە دوژمنایەتی گەلی ئێران بیانەوێت لە توڕەیی ئەمریکییەکان بەرامبەر بە خۆیان بە هۆی بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەسەوە کەم بکەنەوە.
ڕژێمی سعوودیە باشتر لە هەر کەسێکی دیکە لە توانا و جیاوازییەکانی خۆی و ئێران لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە تێدەگات. ڕەنگە هۆشدارییەکەی فەرماندەی سوپای پاسداران سەلمان بن عەبدولعەزیز و بن سەلمانی کوڕی بهەژێنێت کە ئێران لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی مامەڵە لە گەڵ کەس ناکات و موڵەتی ئەوە نادات کەس زیان بە ئاسایشی بگەێنێت./.