بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی رای الیوم لە نووسینێکدا ڕایگەیاند کە عێراق پێنج شەممەی ڕابردوو و لە ئاکامدا سەرۆک کۆماری نوێی هەڵبژارد و کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردرا، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا سەدر ئەم شکستە قبووڵ دەکات؟ دەرفەتەکانی بەردەم لایەنی براوە لەم ململانێ سیاسییە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و دەربازکردنی وڵات لە قەیران چۆن دەبێت؟ کاردانەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە خێراییە چۆن دەبێت؟ ئایا ناڕەزایەتییەکان بۆ بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەگەڕێتەوە؟
لەو نووسینەدا هاتووە: بەڕێوەچوونی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان لە 13 ی تشرینی یەکەم و هەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆمار و بڕیاری ناوبراو لە ڕاسپاردنی محەممەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پاش بنبەستی سیاسی و بۆشایی یاسایی زیاتر لە یەک ساڵ، بەرەوپێشچوونێکی لەناکاو بووە کە بووە هۆی ئارامی سیاسی و هەروەها نیگەرانی چەند لایەنێک.
نووسەر ڕایگەیاندووە: چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بەشێکی گەورەیە و هاوپەیمانی فەتح بە نوێنەرایەتی گرووپەکانی حەشدی شەعبیش بەشداریی تێدا هەیە، لە ململانێ لە گەڵ ڕەوتی سەدر کە بە دەست لە کار کێشانەوەی پەرلەمانتارانی خۆی گۆڕەپانەکەی بۆ ئەوان چۆڵ کردبوو، سەرکەوتنی بە دەست هێنا. ئەڵبەت بە پێی بارودۆخی سیاسی و نەبوونی پێشبینی لە داهاتووی ئەم وڵاتە، دەبێت بوترێت کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ئێستادا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.
رای الیوم ڕایگەیاندووە: ئەم بەرەوپێشچوونە سیاسییە کە لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دەنگدانەوەی هەبووە، ڕەنگە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە سەر زۆربەی هاوکێشە سیاسییەکان و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان دابنێت و کاریگەری و لێکەوتەکانی لە داهاتووشدا خۆی پیشان دەدات.
لە درێژەی ئەو نووسینەدا هاتووە: چەندین پرسیار لە سەر ئەم بەرەوپێشچوونە خێرایەی پرۆسەی سیاسی عێراق هاتووەتە پێشەوە. یەکەم، ئایا ڕەوتی سەدر کە لە پەرلەمان پاشەکشەی کردووە، ئەم شکستە قبووڵ دەکات و گۆڕەپانەکە بۆ لایەنی ڕکابەر واتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نوری مالیکی وەک سەرکردەیەکی دیاری ئەم لایەنە چۆڵ دەکات؟ دووەم، ئایا ئەمریکا ئەم سەرکەوتنە لە لایەنەکانی نزیک لە ئێران کە دژی هەر هاوکارییەکن لە گەڵ واشنتن و داوای کشانەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەکان و داخرانی بنکە سەربازییەکانی دەکەن، قبووڵ دەکات؟ سێهەم، ئایا شیاع سودانی لە ماوەی 30 ڕۆژدا بە پێی دەستوور، بە پێی سیستەمی پشکخوازی پێکهاتە و لایەنەکان، حکومەتەکەی پێک دێنێت؟ چوارەم، ئایا ئەم حکومەتە لە ئەگەری پێکهێنانی، متمانەی پەرلەمانی عێراق بە دەست دێنێت؟
نووسەر لە درێژەدا ئاماژەی بە هەڵوێستی ڕەوتی سەدر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی سەدر لە ڕێگای محەممەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، جەختیکردووەتەوە کە دژی بەشدارییە لەم حکومەتە و هەر ئەندامێکی ڕەوتی سەدر کە بەشداریی تێدا بکات، خۆی لێ بێبەری دەکات.
بە بۆچوونی نووسەر، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە ڕەوتی سەدر حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی بە فەرمی ناناسێت و بە کەسێکی سەر بە نوری مالیکیی دەزانێت کە دوژمنایەتیی لە گەڵ سەدر و ڕەوتەکەی هەیە. هەروەها ڕەوتی سەدر خۆی بە شیاوتر دەزانێت کە حکومەت پێک بێنێت لە بەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەکی زیاتری کورسییەکانی بە دەست هێنا و لەم ڕووەوە بە مافی خۆیی دەزانێت.
لە نووسینەکەی رای الیوم دا هاتووە: زۆربەی شرۆڤەکارانی کاروباری عێراق باس لەوە دەکەن کە بۆ ڕەوتی سەدر کە لە پرۆسەی سیاسی کشاوەتەوە، قبووڵکردنی ئەم شکستە و ڕاهاتن لە گەڵ ئەم هەلومەرجە نوێیە دژوارە. هەلومەرجێک کە بە هاوکاری لایەنەکانی هاوپەیمانی سەدر – کورد و سوننە – بە دەست هاتووە و سەدرییەکان دەڵێن لە پشتەوە خەنجەریان لێ دراوە.
بەم پێیەش دەتوانین بڵێین کە سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا کارێکی قورسی لە پێشە بەڵام دەکرێت سەرکەوتووش بێت. لە بەر ئەوەی کە ئەزموونەکانی ڕابردوو لە پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 پیشان دەدات کە هاوپەیمانییە سیاسییەکان لەم وڵاتەدا زۆر بە خێرایی تووشی گۆڕانکاری دەبن، بە تایبەت ئەوەی کە زۆربەیان لە پێناو گەیشتن بە پشکی زیاتر لە کابینە، دان و ستاندنی سیاسی و تەنانەت ئابوری و دارایی لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاری وەها دەدەن.
نووسەر ڕایگەیاندووە کە سەدر لە پاش سەرکەوتنی ڕکابەرەکانی لە دوو دامەزراوەی پەرلەمان و حکومەت، دوو بژاردەی لە پێشە. یەکەم، مانەوە لە هەڵوێستی ئێستای وەک چاودێر و چاوەڕێکردنی هەلومەرجی باشتر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان. دووەم، هاندانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بۆ هاتنەوە سەر شەقامەکان کە ڕەنگە بگاتە شەڕ و پێکدادانی چەکداری و ناوخۆیی و سەدرییەکانیش ئەزموونی زۆریان لەم بوارەدا هەیە.
لە نووسینەکەی رای الیوم دا هاتووە کە لە ئێستادا چەشنێک ئارامی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەبینرێت بەڵام ڕەنگە کاتی بێت و نیگەرانی و کەلێن لەم ئارامییەدا بۆ کەس شاراوە نییە، بە تایبەت ئەوەی کە ئەمریکییەکان سەرجەم هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ کە ڕێگری لە بەهێزبوونی لایەنەکانی نزیک لە ئێران بکەن و بە ئاشکرا پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەلک لە دژی ئەم لایەنانە دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا پارچە پارچەکردنی عێراق، زیاترکردنی کێشە ناوخۆییەکان و ڕێگری لە گەڕانەوەی ڕۆڵ و پێگەی لە ناوچەکە و جیهانە.
لە کۆتایی نووسینەکەدا هاتووە: ئێمە لە ڕۆژنامەی رای الیوم هیوادارین کە عێراق کێشە و قەیرانەکانی تێپەڕ بکات و هەنگاوی خێراتر لە پێناو دابینکردنی ئاسایش، سەقامگیری و پێکەوەبوون هەڵبگرێت. هەرچەندە دەزانین کە لە نێوان هیوا و ڕاستییەکاندا جیاوازی هەیە./.