بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هۆی کارەسات و شەڕی سەپێندراوی سوریاوە، بەشە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ئەم زیانەش لە سەر کەرتی پەروەردەی سوریا بە زۆرینە دەبینرێت.
ئەنجامی ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوە سیاسییەکانی سوریا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی بە سەر منداڵان و مێرمنداڵانی ئەم وڵاتەدا هاتووە، زیانێکی زۆر و قەرەبوونەکراوە. هێشتا لە سوریا ژمارەیەکی زۆر لە کچ و کوڕی گەنج خەون بە گەڕانەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن دەبینن.
سەرەڕای ئەو هەموو ئامارەی کە بڵاو بووەتەوە، نوێترین ئامار باس لەوە دەکات کە ئابوریی سوریا تا کۆتایی ساڵی 2020 زیاتر لە 600 ملیار زیانی بەرکەوتووە و ڕێژەی هەژاری لەم وڵاتە گەیشتووەتە لە سەدا 96.
بە پێی ڕاپۆرتی سەنتەری توێژینەوە سیاسییەکانی سوریا، منداڵان و مێرمنداڵان لە میانەی شەڕی سەپێندراوی دژ بەم وڵاتە زیانی زۆریان بەرکەوتووە کە دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بە وازهێنان لە خوێندن، نەبوونی ئاسایشی خۆراک، ئاوارەبوون، هەژاریی بنەماڵەکان، هەلومەرجی دژواری ژیان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە، تەندرووستی و تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی بدەین.
ئەو سەنتەرە بە پێی توێژینەوەیەک کە 642 کچ و کوڕی مێرمنداڵی تەمەن 13 تا 18 ساڵەی لە 11 ناوچەی سوریا تێدا بەشدار بووە، ڕایگەیاندووە کە زۆربەی ئەو مێرمنداڵانە هیوای داهاتوویەکی باشتریان هەیە بەڵام بە هۆی چالاکی گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاکان و هەروەها داگیرکارانی بیانی ئەو هیوایەیان بۆ مسۆگەر نەبووە.
لە سوریا کۆدەنگییەک هەیە کە چارەسەرکردنی زیانەکانی کارەساتی شەڕ بە چاکسازی لە کەرتی پەروەردەی ئەم وڵاتە دەست پێدەکات. بە تایبەت ئەوەی کە ئامارەکان پیشان دەدەن نیوەی جیلی مێرمنداڵی ئەم وڵاتە لە نێوان ساڵانی 2011 تا 2020 وازیان لە خوێندن هێناوە کە ئەمەش لێکەوتەی نەرێنیی بە دواوە بووە.
لەو ناوچانەی کە گرووپە تیرۆریستییەکان لە ساڵانی قەیرانی سوریا چالاکییان هەبووە، کێشەی پەروەردە و خوێندنی منداڵان زیاتر بینراوە. لە غوتەی ڕۆژهەڵات لە نزیک دیمەشق هێشتا زۆربەی منداڵان کێشەی نووسینیان هەیە، لە کاتێکدا کە کچە گەورەکانیش لە ڕقە چەند ساڵێکی خوێندنیان لە دەست داوە یان لە ئەنجامی شەڕ و ئاوارەیی بە تەواوی وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەوەی کە لە توێژینەوەکەدا هاتووە، باس لەوە دەکات کە نەک تەنیا هەلومەرجی ئەمنی و دابەزینی کوالیتی خوێندن، بەڵکوو چەند هۆکارێکی دیکەی وەک گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی خەڵک لە بەهای پەروەردە، زیاتربوونی ڕێژەی هەژاری و خەراپتربوونی دۆخی ئابوری بنەماڵەکان لە وازهێنانی منداڵان، مێرمنداڵان و گەنجانی سوری لە خوێندن ڕۆڵ و کاریگەری هەبووە.
بە وتەی کەسانی کاریگەر لە توێژینەوەکە، مێرمنداڵان لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای حۆمس بە هۆی مەترسییەکانی سەر ئەوان، تێچووی گواستنەوە و دیاردەی دەسدرێژی سەر کچان، زیاترین ئازاریان بەرکەوتووە. لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زیاتریش بە بۆی هەژاری و نەبوونی سەرچاوەکانی دارایی بنەماڵەکانیانەوە پەیانان بۆ کارکردن و وازهێنان لە خوێندن هێناوە. تەمەنی هاوسەرگیریی لە نێو کچانی سوریا ڕووی لە دابەزین کردووە و هەموو ئەمانەش بە هۆی هەژاری بنەماڵەکان و تێڕوانینی ئەوان لە سەر خوێندنی کچانەوە بووە.
زۆربوونی سیستەمەکانی پەروەردەش لە وڵاتی سوریا کاریگەری ڕاستوخۆی لە سەر خوێندنی منداڵان هەبووە. بەدەر لە سیستەمی پەروەردەی فەرمیی نێودەوڵەتی کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریا جێبەجێ دەکرێت، سیستەمی تایبەتیش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیا کوردییەکان و هەروەها لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان جێبەجێ دەکرێت و سیستەمێکی دیکەش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەی تەحریری شام بوونی هەیە.
لە حەسەکە مێرمنداڵان باسیان لەوە کردووە کە بە هۆی بوونی چەند سیستەمێکی پەروەردەوە کێشەی زۆر هاتووەتە پێشەوە. خەڵک لەم پارزگایە بە باشتری دەزانن کە منداڵەکانیان لە خوێندنگە حکومییەکاندا درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەن، ئەو خوێندنگانەش زۆر قەرەباڵغ و دوور لە ماڵەکانی ئەوانن. لە ناوچەی ڕقەش بوونی کەسانی توندڕۆی وەک ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش، هەڕەشە لەو منداڵانە دەکات کە بۆ گەیشتن بە خوێندنگە حکومییەکان دەبێت لە ماڵەکانی خۆیان زۆر دوور بکەونەوە.
سەرەڕای ئەو خاڵانەی باس کران، منداڵان، مێرمنداڵان و گەنجانی سوریا هیوایان بە داهاتوویەکی باشتر و سیستەمێکی پەروەردەی گونجاوتر و مسۆگەربوونی هەلی کار و ئاسوودەیی هەیە. بە پێی ئەوەی کە زۆربەی ئەوان هەوڵی گەیشتن بە بڕوانامەی زانکۆ دەدەن تا لە پیشە و کارەکانی وەک پزیشکی، ئەندازیاری، یاسا و …. دەست بەکار ببن بەڵام چارەسەرکردنی بەربەستەکانی شەڕ و ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی و کێشە ئابورییەکان بە پشت بەستن بە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوریی سوریا و کەڵک وەرگرتن لە سەرمایەگوزارییەکانی وڵاتانی دۆست بە داواکاری گەورەتری خۆیان لەم هەلومەرجەی ئێستا دەزانن./.