بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی و لە بەشێک لە لێدوانەکانی سەبارەت بە سەردانی شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتە بۆ تاران، وتی: سەردانەکە لە درێژەی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی بەغدا بووە، لێک تێگەیشتنی باش هەیە و هیوادارین برایانی عێراقی، وەک چۆن کە ئێران ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی خۆی دەزانێت، ئەوانیش هەمان بیرکردنەوەیان سەبارەت بە ئێران هەبێت و بەرپرسیاریەتی قبووڵ بکەن.
ناوبراو وتی: لەو سەردانەدا وتووێژی باش کرا و هیوادارین دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بە سەر تەواوی سنورەکان بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاتر ببێت و هێزەکانی عێراق جێگیر بکرێن و ڕێگری لە هاتووچۆی تیرۆریستان بکەن، هەروەها ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان سەبارەت بەو تیرۆریستانەی کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندان، جێبەجێ بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پرسی دابینکردنی ئاسایشی سنورەکان و پاراستنی سنورەکانی هەر دوو وڵات لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندیی عێراقە. ئاساییە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لە دانوستانەکاندا بن. ئێران چاوەڕێی هەنگاوی کرداریی بەغدا دەمێنێتەوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا بەرپرسیاریەتییان هەیە.
کەنعانی وتی کە ئێران سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی هیچ کەمتەرخەمییەک قبووڵ ناکات و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بەڵێن و بەرپرسیاریەتی لایەنی بەرامبەر، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆی هەنگاو دەنێت./.