بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی هەیسەم بن تاریق ئالی سەعید سوڵتانی عۆمان، ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مەسقەت بەرەو گەشەسەندن دەڕوات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە ئیرادەی بەهێزی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پتەوکردن و جۆربەجۆرکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ عۆمان، هیوای ئەوەی خواست کە ڕەوتی هاوکارییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەر دوو وڵات، وەک یەک ساڵی ڕابردوو ڕووی لە گەشەسەندن بێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا بە ئاماژە بە سیاسەت و خوێندنەوەی هەڵەی ئەمریکا بۆ پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییەکان وتی: ئەمریکا بە هەڵە خوێندنەوەی ئەوەی هەبوو کە گەمارۆکان گەلی ئێران ڕادەگرێت بەڵام گەلی ئێران درێژەی بە پێشکەوتنەکانی دا و بەم هۆیەوە ڕووی هێناوەتە پیلانگێڕی لە دژی ئێران.
ناوبراو وتی کە گەلی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا دەستەوەستان نییە و کارتی بەهێزی هەیە.
هەیسەم بن تاریق سوڵتانی عۆمانیش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا ڕایگەیاند کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەکات و وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عۆمان بەرەوپێشچوونی هەیە و گەلانی هەر دوو وڵات لێی سوودمەند دەبن./.