بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ساڵح سدقیان بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەکانی عەرەبیی ئێران بە ئاماژە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق و ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەم وڵاتە، وتی: ئەوەی کە ڕوویدا بە بۆچوونی من سەرکەوتنێک بۆ سەربەخۆیی نیشتمانیی عێراق بووە. لەتیف ڕەشید و محەممەد شیاع سودانی کە وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ هەڵبژێردراون، گەیشتنە قۆناغێکی هاوبەش و پێدەچێت کە ناکۆکییەکان لەم وڵاتە ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت بەرەو چارەسەربوون بڕوات. ئەو ڕێکەوتنەی کە کرا لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە دۆخەکە بە هەر شێوازێک هێور بکاتەوە. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەنجامی ئەم ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنە بووە.
ناوبراو وتی: سەرۆک کۆماری نوێ دیسانەوە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و هاوخەباتی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی بووە، کەسایەتییەکی هێمنی سیاسییە و ئەزموونی پێشووی هەیە و لای زۆربەی سەرکردەکانی عێراق قبووڵکراوە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: سەبارەت بە دەستنیشانکردنی محەممەد شیاع سودانیش وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران دەبێت بڵێین کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیاریان کردووە و لە سەر پێداگری ئەوان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردراوە. سەرۆکی ڕەوتی سەدریش بە جۆرێک ئەم پێشهاتەی قبووڵکردووە و بەربەستێکی ئەوتۆی لە بەردەمیدا نەبووە. بێگومان گرنگترین کێشەی بەردەم سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ڕەوتی سەدر دەبێت، بەڵام ئەم ڕەوتە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بە چەندین ئەزموونی شکستیان بینیوە و گرنگتر لە هەمووش دەست لە کار کێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان بووە. شکستی دیکەش پەیامی ئایەتوڵڵا حائیری بۆ ڕەوتی سەدر بووە و لە ئێستاشدا کە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کرا و کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردرا، دیسانەوە سەدر شکستێکی دیکەی بینیوە کە هەموو ئەمانەش پیشان دەدات ڕەوتی سەدر دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات.
محەممەد ساڵح سدقیان وتی: لە لایەکی دیکەوە دەبێت بوترێت کە کاروباری عێراق بە هۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکانەوە هەڵپەسێردراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی ڕەوتی سەدر. بەدەر لە ڕەوتی سەدر، کورد و سوننەش لە بەردەم سەرۆک وەزیرانی داهاتوو وەک دوو کێشە دەبینرێن کە هەر یەک داواکارییەکی جیاوازیان هەیە. کێشەیەکی دیکەی سودانی دەستنیشانکردنی کەسانی شیاوە بۆ کابینەکەی. ئەمەش لە کاتێکدا کە خەڵکی عێراق لە دۆخێکی بێهیواییدان و چاوەڕوانن تا بزانن سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کارنامەی چۆن دەبێت. پرسی خۆپێشاندانی لانەیەکان بە کێشەیەکی دیکە دادەنرێت و تا ئێستاش کێشەی خستووەتە بەردەم عێراق. چەکداربوونی خەڵکی ئەم وڵاتەش کێشەیەکی دیکەیە و دەبێت سەرۆک وەزیران بتوانێت چەکی نایاسایی کۆبکاتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: خاڵی گرنگی دیکە سەبارەت بە محەممەد شیاع سودانی سیاسەتی دەرەوەیە. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێگەی ستراتیژیی هەیە و ئەمەش وایکردووە کە جێی گرنگیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و ناوچەکە بێت. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە سیاسەتی دەرەوە کارنامەیەکی بەهێزی هەبووە بەڵام لە ئاستی ناوخۆییدا وا نەبوو و زۆر بە لاوازی دەرکەوت. هەر بۆیە سودانی دەبێت بتوانێت ستراتیژێکی درووست پەیرەو بکات، چ لە سیاسەتی دەرەوە و چ لە سیاسەتی ناوخۆیی عێراق./.